چالاکانی کەشتیگەلی خۆڕاگری: لە ئیسرائیل سوکایەتیمان پێکراوە

دوای دیپۆرتکردنەوەیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، بەشێک لەو چالاکانەی "کەشتیگەلی خۆڕاگری"، هەوڵیاندا گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بشکێنن و هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە فەڵەستینییەکان، دەڵێن، دوای دەستگیرکردنمان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە سوکایەتیمان پێکراوە.
ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی، ساڤێریۆ تۆماسی، یەکێک بوو لە چالاکوانە دەستگیرکراوەکان، دوای دیپۆرتکردنەوە و گەیشتنەوەی بە فڕۆکەخانەی ڕۆما، گوتی "سەربازە ئیسرائیلییەکان وەک مەیموون مامەڵەیان لەگەڵ کردووین و لە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵمان بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی مافەکانی مرۆڤیان نەدەکرد".
ڕۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە گوتیشی؛ سەربازانی ئیسرائیل بەبێ جیاوازیی هەرچی دەرمان و پێداویستی بوو، لێیان سەندین، تەنانەت دەرمانیان لەو کەسانەش سەندەوە کە نەخۆشی دڵ و تەنگەنەفەسیان هەبوو. ئاماژەی بەوەشداوە، سوپای ئیسرائیل وەک سوکایەتی پێکردن، چالاکوانی سوێدی، گرێتا سەنبێرگی لە هەمووان جیاکردووە و بەتەنیا و بە قۆڵبەستکراوی لە تەنیشت ئاڵایەکی ئیسرائیل دایاننابوو.
وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، ئیتمار بن گڤیر ڕایگەیاند، "شانازی بە مامەڵەی ستافی بەندینخانەکە دەکەم و هەر کەسێک پاڵپشتی تیرۆر بکات، دەبێت وەک تیرۆرستێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و هەرکەسێکیش وایزانیووە بە فەرشی سوور و میوزیک پێشوازیان لێدەکەین، زۆر هەڵە بووە"، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش لەسەر قسەی چالاکوانە دیپۆرتکراوەکانی کەشتیگەلی خۆڕاگری هاتە دەنگ و گوتی، ئەو قسانە درۆی شاخدارن.
"کەشتیگەلی خۆڕاگری" کۆتایی مانگی ڕابردوو بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە خۆراک و پێداویستی تەندروستی کەناراوەکانی ئەورووپایان و بەرەو غەززە بەجێهێشت، بەڵام سوپای ئیسرائیل هۆشداری پێدابوون لەوەی کە ناتوانن گەمارۆکان بشکێنن و ڕێگەی گەیشتنی هاوکارییەکان نادات، لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستبەسەر هەر 42 یەختی کەشتیگەلەکە داگیرا و سەرجەم سەرنشینانیان، کە نزیکەی 450 چالاکوان بوو، دەستگیرکران.