ناتۆ: دۆخی عێراق جێگەی دڵەڕاوكێیە
ناتۆ وادەی كارەكانی لە عێراق درێژ دەكاتەوە

K24 - ھەولێر
ناتۆ كارەكانی لە عێراق درێژكردەوە و ئەمینداری گشتی ھاوپەیمانێتییەكەش رایدەگەیەنێت، دۆخی عێراق ھێشتا جێگەی دوو دڵییە و ئەوان ئامادەی فراوانكردنی ئەركەكانیانن.
یێنز ستۆڵتنبێرگ، ئەمینداری گشتی ناتۆ رایگەیاند، دۆخی ئەمنی عێراق ھێشتا جێگەی دڵەڕاوكێی ئەوانە و ھاوپەیمانێتییەكەشیان بەو ھۆیەوە ئامادەیە ئەركەكانی لە عێراق درێژ بكاتەوە و فراوانی بكات، ھەروەھا ئامادەن راھێنانی زیاتر بە ھێزەكانی عێراق بكەن.
گوتیشی، ئێستا ناتۆ 500 راوێژكاری سەربازی لە عێراقە و ئامادەن ھێزەكانیان لەو ژمارەیە زیاتر بكەن بە راوێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی داعش.
ئەمینداری گشتی ناتۆ، ئاشكراشی كردووە، ئێستا ژمارەكە دیار نییە، بەڵام پلان دادەرێژن و لە كۆبوونەوەی داھاتووی وەزیرانی بەرگری ھاوپەیمانێتییەكە لە شوباتی ساڵی 2021 بابەتەكە تاوتوێ دەكەن.