وۆڵ ستریت جۆرناڵ: چین ڕێگەیەکی نهێنی بۆ کڕینی نەوتی ئێران دۆزیوەتەوە

فشارەکانی ئەمەریکا و کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران وایکردووە و بەبازاڕکردن و کڕینەوەی نەوتی ئێران لە لایەن وڵاتان ئەستەم بێت، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، چین ڕێگەیەکی نهێنی بۆ خۆ دزینەوە لە بەربەست و سزاکان دۆزیوەتەوە.
بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی ڕۆژئاوا کە بۆ ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" قسەیان کردووە، ئەم کەناڵە داراییە شاراوەیە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو ڕکابەرە سەرەکییەکەی ئەمەریکای قووڵتر کردووەتەوە و هەوڵەکانی واشنتنی بۆ گۆشەگیرکردنی ئێرانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
بەرپرسانی ئێستا و پێشووی چەند وڵاتێک ڕایانگەیاندووە، ئەم میکانیزمە هاوشێوەی سیستەمێکی ئاڵوگۆڕ کاردەکات. بەم شێوەیە، ئێران نەوت ڕەوانەی چین دەکات و لە بەرامبەردا، کۆمپانیا چینییە حکوومییەکان پڕۆژەی ژێرخانی لە ئێران جێبەجێ دەکەن. ئەم ڕێگەیە سیستەمی بانکی نێودەوڵەتی تێدەپەڕێنێت و بووەتە هێڵێکی ژیان بۆ ئابووری ئێران کە بەدەست فشاری سزاکانەوە گرفتارە.
ئەو بەرپرسانە دوو دامەزراوەی دارایی سەرەکی چینییان دەستنیشان کردووە کە لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن؛ یەکەمیان 'کۆمپانیایەکی بیمەی دەوڵەتی' کە خۆی وەک گەورەترین دەزگای قەرزی هەناردەکردن لە جیهاندا دەناسێنێت. دووەمیان 'دامەزراوەیەکی دارایی زۆر نهێنی' کە ناوەکەی لە هیچ لیستێکی گشتیی بانکەکان یان دامەزراوە داراییەکانی چیندا دەرناکەوێت.
بەگوێرەی وتەی بەشێک لە بەرپرسان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بڕی 8.4 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی ئێران لە ڕێگەی ئەم کەناڵەوە بۆ پارەدارکردنی پڕۆژە گەورەکانی ژێرخانی چین لە ئێران بەکارهاتووە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمەریکا، تاران لە ساڵی ڕابردوودا بە بەهای 43 ملیار دۆلار نەوتی خاوی هەناردە کردووە و بەرپرسانی ڕۆژئاوا مەزەندەی دەکەن کە نزیکەی سەدا 90ـی ئەو هەناردەیە بۆ چین بووبێت.