لە ئەنبار دووکەڵی کارگەکان ژیانی خەڵکییان خستووەتە مەترسییەوە

لە پارێزگای ئەنبار، دووکەڵی چڕی کارگە ئەهلییەکان کە لە نزیک ناوچە نیشتەجێبوونەکانەوە کاردەکەن، بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژینگه‌ و ته‌ندروستیی هاووڵاتییان. دانیشتووانی ناوچەکە باس لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە دەکەن، بەتایبەتی لەنێو منداڵان و بەساڵاچوواندا، داوا دەکەن ئەو کارگانە دووربخرێنەوە.

هاووڵاتییانی پارێزگاکە لەڕێگەی کوردستان24ـەوە نیگەرانییەکانی خۆیان دەگەیەنن و پەنجەی تۆمەت بۆ کەمتەرخەمیی دەسەڵاتداران درێژ دەکەن.

سەباح تائی، یەکێک لە هاووڵاتیان، ڕایگەیاند: "ئەو کارگانه‌ زۆر مه‌ترسیدارن له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك، چونكه‌ تووشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سییان ده‌كات و بۆنێكی زۆر ناخۆشی هه‌یه‌. هیوادارین ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ناوچه‌كانمان پێویستییان به‌ ژینگه‌یه‌كی پاكه‌. ئەمڕۆ كه‌شوهه‌واكه‌مان زۆر ژه‌هراوییه‌، چونکە کارگەکان زۆر لە سەنتەری شارەکانەوە نزیکن."

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئەبو ئەحمەد دەڵێت: "داخستنی ئه‌و كارگه‌ ئه‌هلییانه‌ زۆر گرنگه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ته‌ندروستیی هاووڵاتیان نه‌بێت. چه‌ندان حاڵه‌تی نه‌خۆشیی هه‌ناسه‌دانمان هه‌یه‌، هۆكاره‌كه‌شی دووكه‌ڵی ئه‌و كارگانه‌یه‌."

لەلایەکی ترەوە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ژینگه‌ی ئه‌نبار دان بە بوونی دەیان کارگەی بێمۆڵەتی ئەهلیدا دەنێت و ئاماژە بەوە دەکات، لە هەڵمەتەکانی پشکنیندا هەوڵی داخستنیان دەدەن، بەڵام جەخت دەکاتەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، چونکە "ئەو کارگانە سەر بە هەندێک لایەنی دەستڕۆیشتوون."

د. عومه‌ر ئه‌لدلێمی، به‌ڕێوه‌به‌ری ژینگه‌ی حه‌بانییه‌، گوتی: "زۆرێک لە چالاكییه‌ پیشه‌سازییه‌كان له‌ پارێزگای ئه‌نبار پاشماوه‌ی ژه‌هراوی و گازی زیانبەخشیان هەیە، ژینگەیان پیس كردووه‌، وەک کارگەکانی گەچ، چیمەنتۆ و لم کە لە نزیک ڕووباری فوراتن. هه‌ندێك ڕێكارمان گرتووەتەبەر وەک سزای پێبژاردن، بەڵام دەرهاویشتە نەرێنییەکانیان زۆر گەورەن."

لەنێوان سكاڵای هاووڵاتیان و بێدەسەڵاتیی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، دووکەڵی کارگەکان وەک کێشەیەکی چارەسەرنەکراو بەسەر ئاسمانی ئەنبارەوە ماوەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment