باخچەلی: پێویستە چەکەکان لەناو ببرێن

سهرۆكی پارتی بزووتنهوهی نهتهوهیی توركیا (مەهەپە)، ڕایگەیاند: ئەگەر پێویست بکات شاندێک لە کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا بچنە ئیمرالی و بە چاوی خۆیان پەیامەکان وەربگرن.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕایگەیاند: تورکیا پێی ناوەتە قۆناغی نوێی لەدایک بوون، لەوانەیە گرفت و تێنەگەیشتن هەبێت، بەڵام پێویستە بە سەبر و ئارامگری چارەسەر بکرێت، بە خۆشەویستی بۆ نیشتمان و میللەت بکرێت، هەروەها پێویستە بنەمایەک بۆ دانوستان و نەخشەڕێگایەک بۆ چاکسازی یاسایی و سیاسی ئامادە بکرێت.
باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی تورکیایەکی دوور لە شەڕ و تیرۆر و شکاندنی بەربەستەکان و ڕێگریکردنە لە تۆوی دوژمنایەتی نێوان کورد و تورک، برا کوردەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە تیرۆرەوە نییە.
سەرۆکی گشتیی مەهەپە باسی لەوە کرد، ئەوانەی بەشداری تاوانیان نەکردووە، بەشداری چالاکیی چەکدارییان نەکردووە، پێویستە بێنەوە ماڵەکانیان و بگەڕێنەوە لای کەسوکارەکانیان، کاتێک چەک هەبێت سیاسەت بوونی نییە، ئەگەر سیاسەت هەبێت، ئەوا پێویستە هەموو چەکەکان بسوتێنرێن.
هەروەها گوتی: پێویستە ئۆجەلان داوا لە هەسەدە بکات چەک دابنێت و ئەگەر پێویست بکات شاندێک لە کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا بچنە ئیمرالی و بە چاوی خۆیان پەیامەکان وەربگرن.
گوتیشی:عەبدوڵڵا ئۆجەلان تاوەکوو ئێستا بەجددی هەوڵەکانی بەگەر خستووە بۆ بەرپابوونی ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا.