ئەمەریکا و قەتەر و تورکیا بەشداری دانوستانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەن

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: حەماس داوای ڕادەستکردنەوەی تەرمی یەحیا سینوار و براکەی دەکات

شاندی هەریەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، تورکیا و قەتەر، بۆ بەشداری لە دانوستانەکانی ئاگربەستی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بۆ نێوەندگیری دەچنە شرم شێخ و دەیانەوێت کۆتایی بەم شەڕە دوو ساڵییەی نێوانیان بهێنن و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن؛ سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حەماس بە دوو دڵییەوە بەشداری دانوستانەکان دەکات و داوای گەرەنتی لە وڵاتانی نێوەندگیر دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ چوار شەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2025، لە هاوینەهەواری شرم شێخ لە میسر، دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئیسرائیل و حەماس دەست پێ بکات، بە گوێرەی زانیارییەکان بۆ دانوستانەکەی ئەمڕۆ شاندی هەریەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، تورکیا و قەتەر بەشدار دەبن و لە نزیکەوە چاودێری دانوستانەکە دەکەن؛ سەرۆک وەزیران شێخ محەممەد عەبدولڕەحمانی دووەم و وەزیری دەرەوەی قەتەر بەشداردەبن، لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، جارید کۆشنەر ڕاوێژکار و زاواکەی خۆی لەگەڵ نێردەی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ستیڤ ویتکۆڤی ناردووە، ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی هەواڵگریی تورکیا وڵاتی سێیەم دەبێت لە دانوستانەکان.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندبوو، ڕازین بە پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کە داوای کردبوو حەماس بارمتەکان ئازاد بکات، لە بەرانبەردا ئیسرائیلیش دەبێت شەڕ ڕابگرێت و لە غەززە بکشێتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ترەمپ ڕایگەیاند، ئەمە دەرفەتێکی ڕاستەقینەی باشە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و کۆتایی هێنان بەو جەنگەی کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 حەماس دەستی پێکرد، هەروەها دەڵێت، پێموایە ئەگەری ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت حەماس دەست بەجێ سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە پێوەستە ئیسرائیل و حەماس ئەگەر لە داهاتوودا ڕێککەوتن پابەندبن بە ڕێکەوتنی نێوانیان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ.

لە بەرانبەردا بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، گەرەنتیان دەوێت لەوەی کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ڕابگرێت، چونکە لە بەردەوامی بۆردومان و هێرشەکاندا، کەرتی غەززە تووشی کارەساتی مرۆیی و وێرانکاری تەواوەتی دەبێتەوە.

خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە لایەن ئیسرائیلەوە، ئێمە گەرەنتیمان لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و وڵاتانی چاودێر دەوێت. 

حەییە باسی لەوەش کردووە، ئەوان ئەزموونیان هەیە لەگەڵ داگیرکارییەکانی ئیسرائیل کە پێشتر بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامیداوە.

هەروەها دەڵێت، ڕابردوو شاهێدی ئەوەیە کە ئیسرائیل بە درێژایی مێژوو پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە، هەربۆیە داوای گەرەنتی دەکەین، لە بەرانبەردا ئێمەش ئامادەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و کۆتایی هێنان بە شەڕ.

هەروەها ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگەداری بڵاویکردووەتەوە، 24 کاتژمێری داهاتوو بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن یەکلاکەرەوە دەبێت.

ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، شاندی دانوستانکاری حەماس لە دانوستانەکانی ئەمڕۆدا لە بارەی ئازادکردنی دیلەکانیان کە سزای تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە، داوای ڕادەستکردنەوەی تەرمی یەحیا سینوار و محەممەدی برای لە شاندی ئیسرائیل بکات، هەرچەندە پێشتر حکوومەتی ئیسرائیل ڕادەستکردنەوەی تەرمی سینواری ڕەتکردبووەوە، چونکە بە ئەندازیار و پلانداڕێژەری هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ی ناساندبوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment