عەلی حوسێن: لایەنەکان بۆ پرسە گرنگەکان ڕاوێژ بە سەرۆک بارزانی دەکەن

کورد پێگەیەکی بەهێزی هەیە و لایەنە عێراقییەکان ڕاوێژ بە سەرۆک بارزانی دەکەن

بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی ڕایگەیاند، کورد پێکهاتەیەکی گرنگی ناوچەکەیە و پێگەیەکی بەهێزی لە عێراقدا هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، عەلی حوسێن، بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، جەختی لەسەر پێگەی بەهێزی کورد لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە کردەوە و ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی بەرز نرخاند. هەروەها تیشکی خستە سەر ڕووداوی تەقەکردن لە بارەگای حیزبەکەیان لە عەربەت و دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکانیان.

عەلی حوسێن گوتی: "کورد پێکهاتەیەکی گرنگی ناوچەکەیە و پێگەیەکی بەهێزی لە عێراقدا هەیە. سەرۆک بارزانی، نەک تەنیا وەک سەرۆکی پارتی، بەڵکو وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی کورد کە هەموو لایەک ڕێزی لێدەگرن، پێشوازی لە لایەنە عێراقییەکان دەکات."

زیاتر ڕوونیکردەوە، لایەنە عێراقییەکان پێش هەڵبژاردن سەردانی کوردستان دەکەن و ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکەن سەبارەت بە دۆخی عێراق، ناوچەکە و میکانیزمی هەڵبژاردنەکان. گوتیشی: "ئەم ڕاوێژانە بۆ ئێستا و قۆناغی دوای هەڵبژاردنیشن و کارێکی ئەرێنییە. پێشبینی دەکەم لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم سەردانانە زیاتر بن."

دەربارەی دەستڕێژی گولـلە لە بارەگای پارتی لە شارۆچکەی عەربەت، عەلی حوسێن گوتی: "ئۆتۆمبێلێک تەقەی کردووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا چەند گولـلەیەک بەر دیواری بارەگاکە کەوتووە." ئاماژەی بەوەشکرد کە دەزگا ئەمنییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.

سەبارەت بە دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکانی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین، عەلی حوسێن گوتی: "ئەم جۆرە ڕووداوانە لە کاتی بانگەشەدا ڕوودەدەن، بەڵام هیوادارین دووبارە نەبنەوە." داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە ڕێز لە یەکتر و لە دروشمی کاندیدەکان بگرن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment