سوپای ئیسرائیل دووبارە کاروانی کەشتیی خۆڕاگری بە ئامانج گرتەوە

دوای ڕێگری لە 40 بەلەم و کەشتی و دەیان چالاکوان بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە کەرتی غەززە، هێزی دەریایی سوپای ئیسرائیل دووبارە ڕێگرییان لە چەند کەشتییەکی دیکەی گەیاندنی هاوکارییەکان کرد. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 8ی تشرینی یەکەمی 2025، هاوپەیمانی "کەشتیی خۆڕاگریی جیهانی" ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئیسرائیل دووبارە ڕێگرییان لە چەند کەشتییەکی سەر بە کەشتیگەلی خۆڕاگری کردووە، کە بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بەرەو غەززە لە ڕێگەدابوون.

سەرچاوەیەکی کەشتیگەلی خۆڕاگریی جیهانی ڕایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل لە دووری 220 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی غەززە، لانیکەم ڕێگری لە سێ کەشتی کردووە

ڕاشیگەیاندووە، یەکێک لە کەشتییەکان کە زیاتر لە 90 سەرنشینی لەسەر بووە و لەنێوانیاندا ڕۆژنامەوان و پزیشک هەبوون، کەوتوونەتە بەر هێرشیکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل و تیمی کەشتییەکی دیکەش دەستیان بەسەردا گیراوە. ئاماژەشیداوە، یارمەتییەکانی دەستیان بەسەرداگیراوە بە بەهای 110 هەزار دۆلار بوون، کە دەرمان و خۆراک و پێداویستی نەخۆشخانە لەخۆ دەگرێت. 

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "کەشتیی خۆڕاگری، هەوڵێکی بێبنەمای بڕینی ناوچەی جەنگی دا، هەربۆیە سەرنشینان و کەشتییەکان بۆ بەندەرێکی ئیسرائیلی گواستراونەتەوە و بە زووترین کات چالاکوانەکان ڕەوانەی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە.

هەفتەی ڕابردوو، هیزەکانی ئیسرائیل ڕێگرییان لە 40 کەشتی کرد بۆ گەیشتن بە کەرتی غەززە بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتی و سەدان چالاکوانی لەنێودا بوو کە دیارترینیان چالاکوانێکی سویدی بوو بە ناوی گریتا تونبێرگ.

کەشتییەکان و چالاکوانان لەلایەن هێزی دەریایی ئیسرائیلەوە دەستیان بەسەردا گیرا و گوازرانەوە ئیسرائیل و دوای ئازادکردنیان ژمارەیەک لە چالاکوانەکان ڕایانگەیاند، بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.

 
Fly Erbil Advertisment