ئەردۆغان: پێویستە هەسەدە بەخێرایی تێکەڵی سوپای سووریا بێتەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، هاوپەیمانی تورکیا، کورد و عەرەب کلیلی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەکاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان لە ناو فڕۆکەکەی گوتی: "هەرکەسێک ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق بکات سەردەکەوێت، ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی تورکیا، کورد وعەرەب کلیلی ئارامی و ئاسایشی بەردەوامە لە ناوچەکەدا."
ئەردۆغان جەختی کردەوە، پێویستیە هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیان بکەن، تێکەڵبوونیان بە دامودەزگاکانی سووریا تەواو بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، میدیاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڵاویان کردەوە، کۆبوونەوەی نێوان شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکوومەتی سووریا، کە لە دیمەشق لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع بەرێوەچوو.باس لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا و دۆخی ئەم دوایەی حەلەب کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهلات عەفرین پێکهاتبوو، شاندەکەی حکوومەتی سووریا لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پێکهاتووە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر چەند خاڵێک کردووە، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی واژۆ نەکراوە، کە لەم خاڵانە پێکهاتوون، پرەنسیپی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئەو ڕێککەوتنە زارەکییە کراوە، دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی سوپایەکی ڕێکخراو و کارا، کە لە خزمەت پاراستنی هەموو سوورییەکاندا بێت. ئاگربەستی گشتگیر و دەستبەجێ بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب. پێویستە هەموو سوورییەکان لە وڵاتێکی ئارامدا بژین. دەستووری سووریا هەموار بکرێتەوە.