بۆماوەیی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوونی ئافرەتان بە خەمۆکی

گۆڤاری "نەیچەر کۆمیونیکەیشنز" ئەنجامی توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە کە دەریدەخات ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی لە ئافرەتان  زیاترە بەراورد بە پیاوان و هۆکارەکانی بۆماوەیی ڕێگرن لە چارەسەرکردنی.

توێژەران (DNA) 200 کەسی تووشبووی خەمۆکیان وەرگرتووە لە هەردوو ڕەگەزە، بۆ بە دەستهێنانی ئەنجامێکی دڵنیاییکەرەوە، کە نیشانە بۆماوەییەکانیان دەستنیشان کردووە.

هەر بەپێی توێژینەوەکە، ئافرەتان 13 هەزار نیشانەی بۆماوەییان هەبووە، کە پەیوەندی بە خەمۆکییەوە هەیە، بەڵام لە پیاواندا تەنیا حەوت هەزار نیشانە هەبووە، کە هەندێک لە نیشانەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر مێتابۆلیزم و دەردانی هۆرمۆنەکان هەیە.

بەپێی پەیمانگەی بیرگۆفەری ئوسترالی بۆ توێژینەوەی پزیشکی ، نیشانە بۆماوەییەکانی بەرپس لە تووشبوونی خەمۆکی ئافرەتان دووهێندەی پیاوانە؛ لەمبارەوە جودی تۆماس کە یەکێکە لە توێژەرەکان  دەڵێت "دەستنیشانکردنی هۆکاری بۆماوەیی پیاوان و ئافرەتان یارمەتیمان دەدات بۆ دۆزینەوەی دەرمانی گونجاو".
 جودی تۆماس ڕاشیگەیاندووە، " هەندێک جیاوازی بۆماوەییمان دۆزییەوە کە یارمەتیمان دەدەن بۆ زانینی کێشەی مێتابۆلیزمی ئافرەتانی تووشبووی خەمۆکی، کە لە نێوان ئەم هۆکارانەدا ناجێگیریی کێش و ئاستی وزە هەیە".

هەروەها بریتنی میشێل، توێژەرێکی دیکەی تو‌یژینەوەکەیە دەڵێت: "تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی تەواو دروست نەکراوە بۆ شیکردنەوەی هۆکاری کاریگەری خەمۆکی بەسەر ئافرەتان و زیاتر بوونی حاڵەتەکە بەراوردە بە پیاوان، بەڵام هەندێک لە بابەتە بڵاوکراوەکان دەریدەخەن کە زۆربەی ئەو دەرمانانەی ئێستا پەرەی زیاتری پێدەدرێت، زیاتر سەرنجەکە لەسەر پیاوانە".

بەگوێرەی ئامارێکی نوێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئێستا خەمۆکی بە یەکێک لە بەربڵاوترین نەخۆشییەکان دادەندرێت و لە سەرانسەری جیهاندا 300 ملیۆن تووشبووی هەیە.

 
 
Fly Erbil Advertisment