پەرلەمانتارێکی ئێرانی: ئەگەر شەش مانگ خۆڕاگر بین، ڕۆژئاواییەکان خۆیان داوای دانوستان دەکەن

کاتێک بڕیار بێت ئاشتیی لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا  بکرێت، بێگومان جۆرێک لە ئاشتی، تەنانەت ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت، لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا و حووسییەکان و تەنانەت ئێرانیشدا دروست دەبێت.

ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، پەرلەمانتار و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران
ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، پەرلەمانتار و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، دەڵێت: نابێت ئێمە لە شەش مانگی داهاتوودا بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا پێشدەستیی بکەین، چونکە وا دەردەکەوێت لەم ماوەیەدا جەنگێک لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریکادا ڕوو نادات.

ئەردەستانی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پێگەی "دیدەبان ئێران"ی ڕاگەیاند "ڕۆژئاواییەکان پێیانوایە بە گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بژێوی ژیانی خەڵکی ئێران قورستر دەبێت و وردە وردە ناکۆکییەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵات زیاتر دەبێت و ناڕەزایەتی لە وڵاتدا دروست دەبێت کە ڕەنگە بە شێوەی خۆپیشاندانی گشتیی دەربکەوێت. بێگومان ئەوە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە، ئەگەر حکوومەت بتوانێت لە شەش مانگی داهاتوودا دۆخەکە بەڕێوە ببات، ئەگەری زۆرە لە کۆتاییدا ڕۆژئاواییەکان خۆیان پێشنیازی دانوستانمان پێشکەش بکەن."

لە شەش مانگی داهاتوودا هیچ جەنگێک ڕوو نادات

بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ گوتی: لەم ماوەیەدا هیچ جەنگێک لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریکادا ڕوو نادات؛ چونکە، کاتێک ترەمپ هەوڵ دەدات پلانی 20 خاڵیی خۆی بۆ ئاشتی لەگەڵ حەماس بگەیەنێتە ئەنجام، ئەویش لە کاتێکدا کە دەزانێت حەماس لە ئێران و حزبوڵڵای لوبنان لاوازترە، دەتوانرێت بەم شێوەیە ئەنجامگیری بکرێت کە ترەمپ و تەنانەت خودی ناتانیاهۆش، لە درێژەپێدانی جەنگەکانی ئێستای ناوچەکە ماندوو بوون و ئێستا هەوڵ دەدەن کۆتایی بەو جەنگانە بهێنن.

بەخشایش ئەردەستانی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێستا ترەمپ دەیەوێت ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابین بکرێت؛ بەڵام ئایا ئەو و ناتانیاهۆ لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان سەرکەوتوو دەبن و دەتوانن حەماس چەک بکەن یان نا؟ دیار نییە. بەهەرحاڵ، ڕێگای گەیشتن بەم ئامانجانە زۆر ئاڵۆزە و دەبێت لە پشت پەردەوە دانوستانی زۆر بکرێت. کاتێک بڕیار بێت ئاشتیی لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا  بکرێت، بێگومان جۆرێک لە ئاشتی، تەنانەت ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت، لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا و یەمەن و تەنانەت ئێرانیشدا دروست دەبێت."

ڕۆژئاواییەکان گرەو لەسەر خۆپیشاندانی گشتیی دەکەن

حکوومەت هەم نرخی کاڵا سەرەکییەکان کۆنترۆڵ بکات، هەم بە پێدانی کارتی خۆراک بە چینە هەژارەکانی کۆمەڵگە، یارمەتی بژێوییان بدات و هەم ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بکات و لە پرسی حیجابدا توندوتیژی نەکات

بەخشایش ئەردەستانی، ئاماژەی بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان  کرد و گوتی: ڕۆژئاواییەکان پێیانوایە بە گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بژێوی ژیانی خەڵکی ئێران قورستر دەبێت و وردە وردە ناکۆکییەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵات زیاتر دەبێت و ناڕەزایەتی لە وڵاتدا دروست دەبێت کە ڕەنگە بە شێوەی خۆپیشاندانی گشتی دەربکەوێت. ئەگەر دۆخێکی وا لە ئێراندا دروست بێت، واتە لە مانگەکانی داهاتوودا شاهیدی خۆپیشاندان لە گۆشە و کەناری وڵاتەکەماندا بین، ئەگەری هەیە دوژمن هێرش بکاتە سەرمان. بەڵام ئەگەر لە شەش مانگی داهاتوودا، حکوومەت بتوانێت هەم نرخی کاڵا سەرەکییەکان کۆنترۆڵ بکات، هەم بە پێدانی کارتی خۆراک بە چینە هەژارەکانی کۆمەڵگە، یارمەتی بژێوییان بدات و هەم ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بکات و لە پرسی حیجابدا توندوتیژی نەکات، ئەگەری زۆرە لە کۆتایی ئەم شەش مانگەدا ڕۆژئاواییەکان خۆیان پێشنیازی دانوستانمان پێشکەش بکەن."

ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی، جەختی کردەوە لەوەی "ڕۆژئاواییەکان پێیانوایە بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، ئێران دەبێتە وڵاتێکی دواکەوتوو و سەختیی زۆری بۆ دروست دەبێت و هەر بۆیەش، بۆ دانوستان لەگەڵمان، مەرجی پێشوەختە دادەنێن. بەڵام ئەگەر دوای شەش مانگ ببینن کە بارودۆخێکی وا لە وڵاتەکەماندا دروست نابێت و خەڵکیش ناڕەزایەتیی دەرنابڕن ، خۆیان بۆ دانوستان پێشدەستیی دەکەن. بێگومان ئێمە دانوستانێک قبووڵ دەکەین کە تێیدا مەرجی پێشوەختەی زیادەخوازانەی وەک ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، یان سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی تێدا نەبێت."

ئێران بەرنامەی مووشەکی خۆی تا هەر کوێیەک کە خۆی بە گونجاوی بزانێت، پەرە پێ دەدات

بەخشایش ئەردەستانی، سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ناتانیاهۆ، کە گوایە ئێران بەدوای دروستکردنی مووشەکی کیشوەربڕدایە، ڕایگەیاند: "ئێران بەرنامەی مووشەکی خۆی تا هەر کوێیەک کە خۆی بە گونجاوی زانیبێت، پەرە پێ داوە و پەرەشی پێ دەدات. لە ڕابردوودا ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبەر چەند هۆیەک کە خۆی بە گونجاوی دەزانی، بڕیاری دا مەودای مووشەکەکانی ئێران تا 2 هەزار و دووسەد کیلۆمەتر سنووردار بێت، بەڵام ئێستا هەر جۆرە سنووردارکردنێکیان لەسەر مەودای مووشەکەکان هەڵگرتووە. کاتێک ئێمە دەبینین کە ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەرمان، ئەگەر بمانەوێت مەودای مووشەکەکانمان سنووردار بکەین، ئەوا بە شێوەیەکی هەڵە مامەڵەمان کردووە. بۆیە ئەوە لۆجیکییە کە هیچ جۆرە سنووردارکردنێک بۆ مەودای مووشەکەکانمان قبووڵ نەکەین، چونکە هێزی سەرەکی ئێمە لە جەنگدا، مووشەکە و ئێمە دەبێت گرنگترین هۆکاری هێزی سەربازی خۆمان، واتە بەرنامەی مووشەکی بەبێ هیچ سنووردارکردنێک بەهێز بکەین."

ئێران هیچ کاتێک ئامادە نابێت سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی خۆی دانوستان بکات

ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئێران هیچ کاتێک ئامادە نابێت سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی خۆی دانوستان بکات، گوتی: "ڕۆژئاواییەکان جگە لە بەرنامەی ئەتۆمی، بەدوای دانوستانن لەسەر بەرنامەی مووشەکی ئێران. بەڵام ئەوان دەبێت قبووڵی بکەن کە کۆماری ئیسلامی لە گۆشەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چالاکە و بە هێزێکی ناوچەیی هەژمار دەکرێت و هێزی خۆی لانیکەم لە بواری مووشەکیدا لە جەنگی 12 ڕۆژەدا بە ئیسرائیل نیشان دا. بۆیە دەبێت ئێران وەک هێزێکی ناوچەیی قبووڵ بکەن، بەڵام چونکە ئەوان کۆماری ئیسلامییان خۆش ناوێت، بەردەوام ئاستی داواکارییەکانیان بەرز دەکەنەوە؛ بەجۆرێک کە سەرەتا باسی ئەتۆمییان هێنایە ئاراوە و ئەمڕۆش باسی مووشەکی دەکەن و ئەگەر ئێران ئامادە بێت لەم بوارەشدا دانوستان بکات، ئەوان پرسە ناوچەییەکان و پاشان مەسەلەی مافی مرۆڤ دەهێننە ئاراوە."

ئەردەستانی، لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد "ئۆباما لە سەردەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا زۆر حەزی دەکرد لەگەڵ ئێران کار بکات، بایدنیش پێی ناخۆش نەبوو لەگەڵ ئێران کار بکات. لە سەردەمی ترەمپیشدا، ئەگەر نەتوانین لەگەڵ ئەمەریکا بگەینە لێکگەیشتن، دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت، ئەم قۆناغە تێپەڕین."

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment