گۆتێرێز: پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندی ڕێککەوتنی غەززە بن

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی ئۆکتۆبەری 2025،  پێشوازی لەو ڕێککەوتنە کرد، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند و تێیدا ئیسرائیل و حەماس گەیشتوونەتە قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتی بۆ غەززە.

گۆتێرێز لە بەیاننامەیەکدا داوای کرد "هەموو بارمتەکان بە کەرامەتەوە ئازاد بکرێن" و "ئاگربەستێکی بەردەوام" ڕابگەیەنرێت بۆ ئەوەی شەڕ بەیەکجاری بوەستێت و ئازارەکان کۆتاییان پێبێت.

جەختیشی کردەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە بۆ زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە. هاوکات ستایشی "هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا، قەتەر، میسر و تورکیا"ی کرد لە نێوەندگیریی ئەم پێشکەوتنە گرنگەدا.

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، ئەم "دەرفەتە مێژووییە" بقۆزنەوە بۆ دامەزراندنی ڕێگایەکی سیاسی، تاکوو ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەتی.

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیبووی: "زۆر بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنم، ئیسرائیل و حەماس هەردووکیان لەسەر قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتیمان ڕازی بوون."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە مانای ئەوەیە کە هەموو بارمتەکان بە زووترین کات ئازاد دەکرێن."

ترەمپ ڕوونیشیکردەوە، وەک هەنگاوی یەکەم، "ئیسرائیل هێزەکانی دەکشێنێتەوە بۆ هێڵێکی دیاریکراو." گوتیشی: "ئەمە ڕۆژێکی گەورەیە بۆ جیهانی عەرەبی و موسڵمان، بۆ ئیسرائیل و بۆ ئەمەریکا. سوپاسی ناوبژیوانانی قەتەر و میسر و تورکیا دەکەین."

 
 
Fly Erbil Advertisment