وەزیرێکی ئیسرائیل: دەبێت پاش ئازادکرانی بارمتەکان، بزووتنەوەی حەماس لەناو ببەین

بتسلئیل سموتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، دەڵێت: دەبێت پاش ئازادکرانی بارمتەکان، بزووتنەوەی حەماس لەناو ببەین.
پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەم 2025، بتسلئیل سموتریچ، وەزیری داریی ئیسرائیل، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: من دەنگ بە قبووڵکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس نادەم. دەبێت پاش ئازادکرانی بارمتەکان بزووتنەوەی حەماس لەناو ببەین.
سموتریچ، لە قسەکانیدا هەڕەشەی ڕووخاندنی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆی نەکرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززەیان سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دیلە فەڵەستینییەکان، کشانەوەی هێزەکانی ئێسرائیل بۆ هێڵێکی دیاری کراو و هاتنەناوەوەی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە، واژۆ کرد.
ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، کە بەشداریی لە نێوەندگیریی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا دەکات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند "ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کردووە، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دیلە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکاریی بۆ غەززە."
بزووتنەوەی حەماسیش ڕایگەیاند "گەیشتینە ڕیککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و کشانەوەی ئیسرائیل و گەیاندنی هاوکارییەکان و گۆڕینەوەی دیلەکان."