سەنتەرێکی پێشکەوتوو بۆ منداڵانی ئۆتیزم دروست ده‌كرێت

سه‌نته‌ره‌كه‌ خزمەتێكی زۆری منداڵانی ئۆتیزم ده‌كات"

K24 - ھەولێر

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نزیكەی 600 ھەزار دۆلار تەرخان دەکات، بۆ دروستکردنی سەنتەرێکی پێشکەوتوو بۆ منداڵانی ئۆتیزم لە پارێزگای ھەولێر، دروستكردنی سەنتەرێك بۆ منداڵانی ئۆتیزم كەسوكاری منداڵانی ئۆتیزمی خۆشحاڵكردووە و دەڵێن سەنتەری ئۆتیزم خزمەتێكی زۆری منداڵانی ئۆتیزم دەكات و دەیان ساڵە چاوەڕێی سەنتەرێكی لەم شێوەیە دەكەین.

ھاوژین عەلی، دایکی دوو منداڵی ئۆتیزمە، بە كوردستان24ی گوت: "دەستخۆشی لە سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین، كە بڕیاریدا سەنتەرێکی پێشکەوتوو بۆ منداڵانی ئۆتیزم دروست بكرێت، داواش دەكەین سەنتەری ھاوشێوە لە قەزا و ناحیەكان دروست بكرێت، چونكە خێزانی وا زۆرن كە منداڵی ئۆتیزمیان ھەیە و توانای ئەوەیان نییە بیانبەن بۆ سەنتەری ئەھلی".

سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان دەڵێت،  لە دوای چەند ساڵ لە نەھامەتی و ئازارەکانمان سەرۆکی حکومەت بڕیارێکی گرنگی سەبارەت بە چارەنووسی منداڵانی ئۆتیزم دا، چونكە دروستكردنی ئەم سەنتەرە خزمەتێكی زۆری منداڵانی ئۆتیزم دەكات.

لەوبارەوە كەمال جەبار، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەم ھەنگاوەی سەرۆكی حكومەت جێگای دەستخۆشیە، ئەمە یەكەم كابینەی حكومەتە كە بەمشێوەیە سەرۆكی حكومەت خۆی بۆ ئەم پرسە بێتە سەر خەت، كردنەوەی ئەو سەنتەرە وا دەكات كێشەی 80%ی منداڵانی ئۆتیزم لە سنووری پارێزگای ھەولێر چارەسەر بێت".

یوسف چاوشین، بەڕێوبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر دەڵێ: "ئەم سەنتەرەی دەكرێتەوە سەنتەرێكی سەردەمی و بە ستافێكی پرۆفێشناڵ كاری تێدا دەكات، بە كردنەوەی لە مەعاناتی منداڵانی ئۆتیزم و كەسوكاریان كەمدەكاتەوە".

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە تویتێكدا رایگەیاندبوو" لە ھەموو ئەو نارەحەتیانە تێدەگەم، کە کەسانی تووشبوو بە ئۆتیزم و خێزانەکانیان پێیدا تێپەڕدەبن، بۆیە 585 ھەزار و 240 دۆلارمان بۆ سەنتەری ئۆتیزم لە ھەولێر تەرخانکرد، تاوەکو ھەموو ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان ھەیە پشتگیریی پێویست بەدەست بھێنن  و پلانمان ھەیە لە تەواوی ھەرێمی کوردستان پەرە بە سەنتەری ھاوشێوە بدەین".