دانە غاز: وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان فراوانتر دەكەین
"ھەرێمی كوردستان یەدەگێكی گەورەی نەوتی ھەیە"

K24 - هەولێر
كۆمپانیای دانا گازی ئیماراتی ئاشكرایكرد، لەسەر ئاستی جیھاندا تیشك دەخاتە سەر وەبەرھێنان لە كەرتی نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان و، كارەكانیان فراوان دەكەن.
لە راگەیەندراوێکدا دوێنێ (یەکشەممە، 25-10-2020) کۆمپانیای دانە غاز ئاشکرای کرد، بەشێکی کێڵگە نەوتییەکانیان کە لە میسر کاری تێدا دەکەن، بە بڕی 236 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی فرۆشتووە، بۆ ئەوەی پرۆژەکانیان لە شوێنی دیکە پەرەپێبدەن.
دکتۆر پاتریک ئەڵمان وۆرد، سەرۆکی جێبەجێکای کۆمپانیای دانە غاز لەمبارەیەوە لە راگەیەندراوەکەدا گوتوویەتی "هەمیشە ئامانجمان ئەوەیە زۆرترین قازانج بە هاوبەشەکانمان بگەیەنین. رێککەوتنی فرۆشتنی ئەو بەرژەوەندییانەشمان لە میسر بەشێکە لەو ستراتیژییەتە. تەواوکردنی پرۆسەی فرۆشتنەکە یارمەتیمان دەدات لە بەهێزکردنی دۆخی داراییمان بۆ ئەوەی جەخت لە پێشخستنی کارەکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بکەینەوە".
سەرۆکی جێبەجێکای کۆمپانیای دانە گاز هەروەها دەڵێ "هەرێمی کوردستان یەدەگێکی گەورەی نەوتی هەیە، کە دەتوانێت پشکی ئێمە بگەیەنێتە زیاتر لە ملیارێک بەرمیل نەوت. ئەو نەوتە خاوە هەروەها بڕێکی بێشومار ماددەی هایدرۆکاربۆنی تێدایە کە لە داهاتوودا دەدۆزرێتەوە و پەرەی پێدەدرێت".
کۆمپانیای دانە غاز، یەکەم و گەورەترین کۆمپانیای تایبەتە لە کەرتی گازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کۆمپانیاکە لە ساڵی 2005 دامەزراوە و لە ئیمارات، میسر و هەرێمی کوردستان کاردەکات.
هـ.ر.