سوودانی ده‌یه‌وێت ئابڕووچوونه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست په‌رده‌پۆش بكات

كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست له كاتێكدا بووه‌ته هێمای ترۆپكی گه‌نده‌ڵی له بواری نه‌وت له عێراق و جگه له زیان، قازانجی بۆ عێراق و عێراقییه‌كان نه‌بووه و چه‌ندین دۆسیه‌ی ئابڕووچوونی له‌سه‌ر ئاشكرا بووه، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به نزیكبوونه‌وه له واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، سه‌ردانی كۆمپانیاكه ده‌كات و ده‌یه‌وێت ڕووی ناشیرینی ئه‌و كۆمپانیایه سپی بكاته‌وه و په‌رده‌ی له ڕووههڵماراوی دابداته‌وه و ئه‌وه‌ی بن به‌ڕه‌ی كه هێنراوه‌ته سه‌ر به‌ڕه، جارێكی دیكه بیشارێته‌وه و په‌رده‌پۆشی بكاته‌وه.
سێشه‌ممه، 9ـی ئه‌یلوولی 2025، عەلی تورکی جەمالی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی له په‌رله‌مانی عێراق به‌ڵگه‌كانی له باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست ئاشكرا كرد و له نامه‌یه‌كیشدا كه ئاراسته‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی كردبوو، ورده‌كاریی گه‌نده‌ڵییه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاستی به فایل بۆ ڕه‌وانه كردبوو به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به دارایی و له‌ده‌ستدانی یه‌ده‌گی نه‌وت له كێڵگه‌كانی و گه‌نده‌ڵییه‌كانی كارگێڕی و گه‌نده‌ڵییه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به بواره تهكنیكییهكانیانهوه هه‌بوو.
عەلی تورکی جەمالی له نامه‌كه‌یدا كه ئاراسته‌ی سوودانی كردبوو، ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، به‌ڵگه‌كانیان پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه کە بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست بە هاوکاریی بەڕێوەبەرانی دیكه‌ی كۆمپانیاكه، زانیاریی ناڕاست و چەواشەکارانەی پێشکەش بە حکوومەت کردووە به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به غازی بهرههمهێنراوهوه هه‌یه كه له‌م باره‌وه، فێڵی له حكوومه‌ت كردووه و سه‌باره‌ت به وزه‌ی كاره‌بای به‌رهه‌مهاتوو له غاز، زۆر له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر كراوه له كاتێكدا ئه‌و كاره‌بایه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیاكه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، ته‌نیا ده‌توانێت بای خوله‌كێك و 24 چركه به‌شداری له تۆڕی كاره‌بای نیشتمانی بكات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له لایه‌ن عەلی تورکی جەمالی ئاشكرا كرابوون و ئاراسته‌ی سوودانی كردبوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 9ـی تشرینی یه‌كه‌می 2025، سوودانی سه‌ردانی كۆمپانیاكه‌ی كردووه و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆمپانیاكه كۆبووه‌ته‌وه و ستایشی به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی كردووه له كۆمپانیاكه و به به‌رهه‌مهێنانێكی نموونه‌یی ناوی بردووه.
كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست یه‌كێكه له كۆمپانیا سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، به پێی ڕاپۆرته‌كان و زانیارییه‌كان گه‌نده‌ڵیی له‌و كۆمپانیایه‌دا ئاشكرا بووه، به شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتووه‌وه یاریی به بڕیاره‌كانی ده‌كرێت.
ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌م باره‌وه له سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه ئاشكرایان كرد، ئه‌مجه‌د ئه‌بو ده‌لال كه‌سێكی نزیكی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاسته و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و و قووڵی ئابووری و بازرگانی له نێوانیاندا هه‌یه.
ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌یان به‌وه كردبوو، هه‌ر یه‌ك له ئه‌مجه‌د ئه‌بو ده‌لال و مه‌حموود جبووری سه‌رپه‌رشتی ئابووری ئه‌و لایه‌نه سیاسییه جێبه‌جێكاره‌ی كۆمپانیاكه ده‌كه‌ن و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و دوو كه‌سه و پێدانی به‌رتیل كه رێژه‌كه‌ی له هه‌ر گرێبهستێكدا ده‌گاته 20%، هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك واژۆی له‌سه‌ر ناكرێت.
ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كێشه‌یه‌كیان له‌و كۆمپانیایه دۆزیته‌وه كه تایبه‌ته به بواری پێشخستنی كێڵگه‌ی غازی عه‌كاز و كێڵگه‌كانی مه‌نسووره.
ڕوونیشیان كردبووه‌وه، كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست هه‌لی وه‌به‌رهێنانی به كۆمپانیایه‌كی (وه‌همی) ئۆكرانی داوه كه دوای ساڵێك گوایه له ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و كۆمپانیایه ده‌ركه‌وتووه، ڕێژه‌ی كۆمپانیایه‌كه له به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی 0% بووه.
له چه‌ند مانگی ڕابردوودا ڕاپۆرت و زانیارییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه كردبوو، گه‌نده‌ڵی له كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه، به شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رێكی ئابووریی كه سه‌ر به لایه‌نێكی سیاسی عێراقییه ده‌ستی به‌سه‌ر زۆربه‌ی گرێبه‌سته‌كانی ئه‌و كۆمپانیایه‌دا گرتووه و ڕێژه‌ی 20%ـی هه‌ر گرێبه‌ستێكی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كردووه.
به پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌یه‌ك كه بۆ مێدیاكانی عێراق قسه‌ی كردبوو، به‌ڕێوه‌به‌ره ئابوورییه‌كه هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی خۆی بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردانی گرێبه‌سته‌كانی كۆمپانیای ناوبراو به‌كار هێناوه.
ڕوونیشی كردبووه‌وه، گرێبه‌سته‌كان پرۆژه‌كانی پێشخستنی كێڵگه نه‌وتییه‌كان، دۆزینه‌وه، به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزارییه لۆجیستییه‌كان په‌یوه‌ند به كه‌رتی نه‌وتی له خۆ گرتووه.
له‌م باره‌وه، یاسر حوسێنی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووریی له په‌رله‌مانی عێراق گوتبووی، گه‌لی عێراق له بوونی گه‌نده‌ڵی ئابووریی له جومگه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی دوودڵ نین و به هه‌واڵێكی له‌م شێوه‌یه تووشی سه‌رسوڕمان نابن، ته‌نانه‌ت گه‌نده‌ڵی له هه‌موو كات له عێراق زیاتره.
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووری له په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختیشی كردبووه‌وه، كه‌سانێك له‌ناو وه‌زاره‌تی نه‌وت به پشتیوانیی كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو گرێبه‌ستی گوماناوی ده‌كه‌ن ئەمەش زیانێکی زۆری به بودجەی گشتیی گه‌یاندووه.