سەرۆکی کۆڵۆمبیا: پشتگیری داننان بە دەوڵەتی کوردستان دەکەم

گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، لە دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دیاسپۆرای کۆڵۆمبیا لە شاری برۆکسل، لە وەڵامی پرسیاری کوردستان24 بەڕوونی پشتگیری خۆی بۆ  دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دووپات کردەوە.

سەرۆکی کۆڵۆمبیا بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە بە ئاشکرا پشتگیری خۆی لە هەوڵی نەتەوەی کورد بۆ سەربەخۆیی ڕوونکردەوە و گوتی: من هەمیشە متمانەم بە ئازادی بۆ فەڵەستنیەکان هەبووە، کێشەی کوردەکانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت بەشێوەی دیموکراسی چارەسەر بکرێ.

گۆستاڤۆ پێترۆ گوتی: من هەمووکات لەگەڵ ئەوەم ئەوانیش هەبن، ئەوەی من بینیم لە کوردەکان بەتایبەتی ئەوکاتەی لە کۆبانێ لە دژی ئاڵا ڕەشەکان و ئەو ڕاست ڕەوانە دەجەنگان کە دەیانویست بە شێوازی ڕادیکاڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە وڵاتە عەرەبییەکاندا بمێننەوە، زۆر گرنگ بوو.

سەرۆکی کۆڵۆمبیا تیشکی خستە سەر ئەوەی، سەرباری ئەو جەنگەی کوردەکان وەک یارمەتیی بۆ ئازادی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردوویانە، تاکو ئێستا نەتوانراوە هاوکارییان بکرێت بۆ ئەوەی نیشتیمانی خۆیان هەبێت.

گوتی: کوردەکان و فەڵەستینییەکان لەسەر مێزێک دابنیشن بۆ ئەوەی وڵاتی سەربەخۆیان هەبێت،  سڵاوی من بگەیەنە وڵاتی خۆتان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment