سعوودییە ڕێوشوێنە تەندروستییەکانی تایبەت بە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوو ئاشکرا کرد

وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە، جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە مەرجە تەندروستییەکان بۆ وەرزی حەجی ساڵی داهاتوو کردەوە، هاوکات داوای لە وڵاتان کرد لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ئەو کەسانە هۆشیار بکەنەوە کە خۆیان ناونووس دەکەن بۆ مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج.
هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە، لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، هەر هاووڵاتییەک کە ناوی دەردەچێت و خوازیاری ئەنجامدانی فەریزەی حەجە بۆ ساڵی داهاتوو، ئەگەر مەرجە تەندروستییەکانی تێدا نەبێت، ڕێگەی پێ نادرێت داخلی سعوودییە بێت.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، بۆ ساڵی داهاتوو زۆر بە وردی چاودێری بڕوانامەی تەندروستیی ئەو هاووڵاتییانە دەکرێت کە دەیانەوێت فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.
وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم وڵاتانی جیهان کرد، کە لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ئەو کەسانە هۆشیار بکەنەوە کە خۆیان ناونووس دەکەن بۆ مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج بۆ ساڵی داهاتوو.
هاوکات داوای ئەوەشی لە وڵاتانی کرد، وردی چاودێری دۆخی تەندروستیی ئەو کەسانە بکەن کە ناویان دەردەچێت بۆ حەج، تا ئاگاداری ڕێنماییەکە بن.
یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، کاروان ستونی گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: 59 هەزار و 389 فۆڕم بۆ مەبەستی بەشداریکردن لە فەریزەی حەجی ساڵی داهاتوو پڕکراوەتەوە.
فەریزەی حەج یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئیسلام، کە بریتییە لە سەردانکردنی ماڵی خودا، لە شاری مەککە لە وڵاتی سعوودییە، لە کاتێکی دیاریکراودا کە مانگی زولحجەیە.
ئەم فەریزەیە واجبە لەسەر هەر موسڵمانێکی پێگەیشتووی ژیر و توانای (جەستەیی و دارایی) هەبێت کە بتوانێت گەشتەکە بکات و سەلامەت بێت لە ڕێگادا.