ئیسرائیل: حەماس توانای جارانی نەماوە

گەڕانەوەی خەڵکی غەززە لە ئاوارەیی بۆ ماڵەکانیان
گەڕانەوەی خەڵکی غەززە لە ئاوارەیی بۆ ماڵەکانیان

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی غەززە و ڕاگرتنی شەڕ، ڕایگەیاند، ئەو حەماسەی پێش دوو ساڵ هەبوو، ئێستا ئەوتوانایەی نەماوە.

ئێڤی دێڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ هەینی 10ی تشرینی یەکەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حەماس وەکو جاران توانای نەماوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر هەیبوو، هەروەها لە سەرجەم بەرەکانی شەڕدا کە ڕووبەڕووی سوپای ئیسرائیل بوونەتەوە، تێکشکاون.

دوای ڕاگەیاندن و پەسەندکردنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی کەرتی غەززە دەستی کردووە بە کشانەوەی هێزەکانی، لە بەرانبەردا هەزاران هاووڵاتی فەڵەستینی ئەوانەی کە پێشتر ئاوارە بوون دەستیان بە گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان کردووە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی غەززەش ڕایگەیاندووە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین نەگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی کە هێشتا سوپای ئیسرائیلی تیادا ماوەتەوە، ئەمەش لە پێناو سەلامەتی گیانی ئەوانە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززەیان سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانیانی فەڵەستینی و کشانەوەی هێزەکانی ئێسرائیل بۆ هێڵی دیاریکراو و هاتنەناوەوەی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە، واژۆ کرد.

دوێنێ پێنجشەممە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێکراو، بە گوێرەی هەواڵێکی کەناڵی سوپای ئیسرائیل ، لەمەودوا ڕۆژانە ڕێگە بە گەیشتنی 600 بارهەڵگری یارمەتی بۆ نێو کەرتی غەززە دەدەن.

بە گوێرەی پلانەکەی ترەمپ، لە بەرانبەر ئازادکردنی بارمتەکان،حکوومەتی ئیسرائیل 250 فەلەستینی کە سزای زیندانی تا هەتاییان بەسەر سەپێندراوە لەگەڵ  1700 کەسی دیکەی دانیشووت غەززە، کە دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیراون ئازاد دەکرێن.

 
 
Fly Erbil Advertisment