فوئاد حوسێن: عێراق ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی مەترسیدار بووەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی وشکەساڵی، هیوای خواست تورکیا ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەربداتەوە. هاوکات دەڵێت: دڵنیام لەسەر پرسی ئاو لەگەڵ تورکیا لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەگەینە ڕێککەوتن.

هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە ئەنقەرە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: لە کۆبوونەوەم لەگەڵ فیدان باسمان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و جەختمان لە پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانە کردەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان باسمان لە چەند بابەتێکی جۆراوجۆر کرد، تەوەری سەرەکیشمان پرسی ئیدارەدانی ئاو بوو لە عێراق، هەروەها باسمان لەو ئاڵنگارییانەش کرد کە ڕووبەڕووی بووینەتەوە لە تەواوی ناوچەکە، بە تایبەتی ئاڵنگارییە ژینگەییەکان.

هەر لە بارەی پرسی ئیدارەدانی ئاوەوە، فوئاد حوسێن، ئاشکرای کرد، گفتوگۆکانی نێوان لایەنەی تورکی و عێراقی لە ماوەی ساڵێک لەمەوبەر لەسەر ئەو پرسە دەستی پێکردووە.

فوئاد حوسێن، باسی لەوەش کرد، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان گەیشتووینەتە دوو ئامانجی سەرەکی کە پەیوەندییان بە دۆسیەی ئاو هەیە، هەروەها ئامانجێکیان کە درێژخایەنە و پەیوەندیدارە بە گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێکی هاوبەش لە بارەی ڕەشنووسێک کە پەیوەستە بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی تایبەت بە ئیدارەدانی ئاو،  ئەم ڕەشنووسە هەموارکراوتەوە و ئامادەکراوە، هیوادارم بەم زووانە واژۆ بکرێت."

لە درێژەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دەرەوەی تورکیای بۆ بەغدا بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی ئەو ڕەشنووسە لە بەغدا واژۆ بکرێت.

لە بارەی ئامانجی دووەم، کە پەیوەست بوو بە دۆخی هەنووکەیی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی وشکەساڵی لە عێراق، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند: دۆخێکی مەترسیدار لە عێراق سەریهەڵداوە و وشکەساڵی تەنگی بە وڵاتەکە هەڵچنیوە، بۆیە ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لە نێوان پسپۆران کرا سەبارەت بە بەردانەوەی ئاو لە لایەن تورکیاوە.

هاوکات فوئاد حوسێن، خۆشحاڵی خۆی بە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەربڕی، هیواشی خواست لە ماوەیەکی نزیکدا تورکیا ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەربداتەوە. دووپاتیشی کردەوە، کە دڵنیایە لە بارەی دۆسیەی ئاوەوە لەگەڵ تورکیا ڕێکدەکەون.

وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆنفرانسەکە ڕۆژنامەوانییەکەدا، جەختی لەوە کردەوە، تەنیا ڕووباری دیجلە و فورات عێراق و تورکیا بە یەکتر نابەستێتەوە، بەڵکوو دۆخی ئەمنیی هەردوو وڵاتیش بە یەکتریان دەبەستێتەوە، "هەروەکو چۆن دۆخی ئەمنیی تورکیا بۆ ئێمە گرنگە، بە هەمان شێوەی دۆخی ئەمنی وڵاتی ئێمەش بۆ ئەوان گرنگە."

لە بارەی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، فوئاد حوسێن گوتی: حکوومەتی عێراق پشتیوانی لێ دەکات، هەروەها ئەو پرۆسەیە بە ئەنجام بگات، ئەوا کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی ئەمنیی عێراق.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش یەکێک بوو لەو بابەتە گرنگانەی کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باس کراوە، لەو بارەوە فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد، خۆشحاڵین بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە لە دەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی هاتەئاراوە.

وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانیان باشتر و زیاتر بەرەو پێش دەبات لەگەڵ تورکیا.

جەختی لەوە کردەوە، ساڵێک لەمەوبەر تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ئامادەبوو.

کۆتا تەوەری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، تایبەت بوو بە گرژی و توندوتیژییەکان، کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، لەو بارەوە وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: دەبێت ئەو گرژی و کێشانە لە ڕێگەی دانوستانەوە چارە بکرێن، چونکە بژاردەی جەنگ هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە، بۆیە دەبێت بەیەکەوە کار بۆ دروستکردنی کەشێک بکەین بۆ دانوستان و لێکتێگەیشتن.

 

سەردانی فوئاد حوسێن بۆ تورکیا

ئەمڕۆ هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی پرسی ئاو و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، فوئاد حوسێن و شاندی یاوەری بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا لە بارەی پرسی ئاو دەکەن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment