فەرماندەیەکی سوپای پاسداران: یەکڕیزیی ناوخۆیی و چەکی پێشکەوتوومان هەیە

عەمید محەممەد حەسەن تولایی، جێگری پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە ئێمە چەکی نوێ و سەرسوڕهێنەرمان هەیە کە لە ئەگەری هەڵەی دوژمندا، لە کاتی گونجاودا بەکاری دەهێنین.

عەمید محەممەد حەسەن تولایی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی 'ایلنا'، سەبارەت بە هەڕەشەکانی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی وڵاتەکەمان، گوتی: ئەوەی لە گۆڕەپانی ناوخۆییدا لە بەرانبەر ئەم هەڕەشانەدا گرنگە، هەمان ئەو خاڵانەیە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وتارەکانی ئەم دواییەیاندا ئاماژەیان پێ کرد، واتە بابەتی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناوخۆیی. ئەگەر ئێمە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناوخۆییمان هەبێت و هاودڵ و یەکپارچە بین، هیچ هەڕەشەیەکی دەرەکی ناتوانێت ببێتە مایەی مەترسی.

جێگری پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگری سوپای پاسداران، گوتیشی: سەبارەت بە هەڕەشەکانی دوژمن، پێشتر ڕامانگەیاندووە، ئێمە چەکی  نوێ و توانایی پێویستمان هەیە کە لە کاتی گونجاودا ئاشکرایان دەکەین و دوژمن تووشی سەرسوڕمان دەکەین.

لە جەنگی 12 ڕۆژەدا چەکێکمان بەکارهێنا کە دوژمنی ناچار بە خۆبەدەستەوەدان کرد

ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران بە ئاماژەدان بە جەنگی 12 ڕۆژە، ڕایگەیاند: "هەروەک چۆن لە ڕۆژی کۆتایی جەنگی 12 ڕۆژەدا جۆرە چەکێکمان بەکارهێنا و توانیمان ناوەندە زانستییە پێشکەوتووەکانیان، ناوەندە پێشکەوتووەکانی داتاکانیان، بنکەی نیشتەجێبوونی فڕۆکەوانەکانیان و چەندین خاڵی دیکەی دوژمن وێران بکەین، ئیتر ئەوانیش ناچار بوون دەستی خۆبەدەستەوەدان بەرز بکەنەوە و داوای ئاگربەست بکەن."

عەمید تولایی جەختی کردەوە "بە دڵنیاییەوە ئێمە چەکی سەرسوڕهێنەری نوێمان هەیە کە لە ئەگەری هەڵەی دوژمندا، لە کاتی گونجاودا بەکاری دەهێنین. بێگومان، دوژمن شەڕخوازە و دەبێت بە زمانی هێز قسەی لەگەڵ بکرێت و بێدەنگ بکرێت."

ژمارەیەکی زۆر لە سیخوڕەکان ڕێنمایی کراون

جێگری پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە چ ڕێکارێک بۆ ڕێگریی لە دزەکردنی دوژمن، گیراوەتەبەر، ڕایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش هەر لە سەردەمی جەنگی 12 ڕۆژەوە بە هاوکاریی ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات و هەواڵگریی هێزە چەکدارەکان دەستی پێ کرد و سەرجەم گومانلێکراوان و ئەو کەسانەی کە لەوانەبوو بەلاڕێدا ببرێن، بانگهێشت کران و هەندێکیان دەستگیر کران. ژمارەیەکی زۆریان پاش ئەوەی دانیان بە هەڵەکانی خۆیاندا ناو پەشیمان بوونەوە ڕێنمایی کران؛ ئەم ئۆپەراسیۆنە هێشتا بەردەوامە."

Fly Erbil Advertisment