کۆشکی ئەلیزێ: دووشەممەی داهاتوو ماکرۆن سەردانی میسر دەکات

کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی میسر دەکات و هەنگاوەکانی داهاتوو لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان، سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی لە کەرتی غەززە تاوتوێ دەکات.

شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئەلیزێ)، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی میسر دەکات.

کۆشکی ئەلیزێ، هۆکاری سەردانەکەی ماکرۆنی ڕوون کردەوە و گوتی: ماکرۆن لە میسر، مەبەستیه‌تی پشتگیری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بکات.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، ماکرۆن لە سەردانەکەیدا هەنگاوەکانی داهاتوو لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان، سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی لە کەرتی غەززە تاوتوێ دەکات.

کۆشکی ئەلیزێ ئاماژەی بەوە کردووە، ماکرۆن لە سەردانەکەیدا بۆ میسر جەخت لەسەر "چارەی دوو دەوڵەت" و سەقامگیریی درێژخایەن لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.

 

ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل

 پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025 ڕێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێ کرا، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە لەمەودوا ڕۆژانە ڕێگە بە گەیشتنی 600 بارهەڵگری هاوکارییەکان بۆ نێو کەرتی غەززە دەدەرێت.

بە گوێرەی پلانەکەی ترەمپ، لە بەرانبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، حکوومەتی ئیسرائیل 250 فەڵەستینی کە سزای زیندانی تا هەتاییان بەسەر سەپێندراوە لەگەڵ  1700 کەسی دیکەی دانیشووی کەرتت غەززە، کە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیراون ئازاد دەکرێن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment