پەیامنێری کوردستان24: ئه‌گه‌ری زۆره‌ سبەی پرسی ناردنی مووچە یەکلایی بكرێته‌وه‌

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سەرۆک وەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نە کردووە تاوەکوو مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی خەرج بکات، دەشڵێت، ئەگەر پرسی مووچە سبەی یەکلایی نەکرێتەوە، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ناردنی مووچە دەدەن.

شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوەکوو ئێستا بە فەرمی نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکردووە. دەشڵێت: سوودانی هەفتەی ڕابردوو تەنیا بە زارەکی بە وەزیرە کوردەکانی گوتبوو مووچە خەرج دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەگەر سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاب بکات، وەزارەتەكه‌ ڕاستەوخۆ دەست بە ڕێکارەکانی ناردنی مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە سێ ڕۆژدا ڕێکارەکان تەواو دەکرێن.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر سبەی بڕیاری خەرجکردن نەدرێت، محەممەد شیاع سوودانی، ئەو بڕیارە دەباتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی سێشەممە بۆ ئەوەی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری لەسەر بدرێت.

هەروەها لەبارەی ناردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان گوتی: تاوەکوو ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێنەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو 120ملیار دینارە نانێرێت.

هاوکات لەبارەی پێشخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنەكه‌ بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوتووە: "تاوەکوو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەم شێوەیە نەدراوە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment