تاڵیبان کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی پاکستان ڕاگەیاند

ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە ڕۆژی شەممە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تاڵیبانەوە دژی پاکستان لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی سەر کابول، دەستی پێ کردبوو، کۆتایی هات.
یەکشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، عینایەتوڵڵا خوارزەمی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تاڵیبان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "دوێنێ ئێوارە، هێزە چەکدارەکانی تاڵیبان بە سەرکەوتوویی ئۆپەراسیۆنیان دژی هێزە ئەمنییەکانی پاکستان لە درێژایی هێڵی دیورەند جێبەجێ کرد، وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییە دووبارەکان و هێرشە ئاسمانییەکان کە لەلایەن سوپای پاکستانەوە کرایە سەر خاکی ئەفغانستان."
خوارزەمی، گوتیشی: ئەم ئۆپەراسیۆنە لە نیوەشەودا کۆتایی هات، بەڵام ئەگەر جارێکی تر خاکی ئەفغانستان پێشێل بکرێتەوە، هێزە چەکدارەکانمان ئامادەی وەڵامدانەوەی توندترن.
پێشتر، بەرپرسانی ناوخۆیی لە ویلایەتەکانی کونەر، نەنگەرهار، پاکتیا، خۆست و هێلمەند، کە هەموویان دەکەونە سەر هێڵی دیورەند لە سەر سنووری نێوان پاکستان و ئەفغانستان، بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندبوو "پێکدادانی توند لەو ناوچانەدا ڕووی داوە."
دوێنێ، شەممە، بەرپرسێکی باڵای پاکستان لە ویلایەتی خەیبەر پختونخوای پاکستان لەسەر سنووری ئەفغانستان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: هێزەکانی تاڵیبان، ئەم ئێوارەیە بە چەکی سووک و پاشان تۆپخانەی قورس لە چوار خاڵی سنوورییەوە هێرشیان کرد، هێزەکانی پاکستان بە توندی وەڵامیان دایەوە و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەفغانییان خستە خوارەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێراندا گوتی: "هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە پێویستە هەردوو لا دان بەخۆیاندا بگرن" ئاماژەی بەوەش کرد "سەقامگیریی لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەشێکە لە سەقامگیریی ناوچەکە."
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیەش داوای "دان بەخۆداگرتن و خۆبەدوورگرتن لە پەرەسەندن و زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ و حیكمەتی کرد، لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە."
پێنجشەممەی ڕابردوو، چەند تەقینەوەیەک لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان ڕوویان دا؛ وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی تاڵیبان بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشانەی خستە ئەستۆی پاکستان و بە "پێشێلکردنی سەروەرییەکەی" تۆمەتبار کرد.
ئیسلام ئاباد ڕۆڵی خۆی لەم تەقینەوانەدا پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام داوای لە کابول کرد "چیتر ئەندامانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستانی داڵدە نەدات."
ئیسلام ئاباد، بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان، کە هەمان ئایدۆلۆجیای هاوشانە ئەفغانییەکەی هەیە و لەوێ مەشقیان کردووە، بە کوشتنی سەدان سەربازی پاکستانی تاوانبار دەکات.