داوا لە مامۆستایانی سلێمانی دەكرێت دەوام دەست پێبكەنەوە
"درێژەدان بە بایكۆت پڕۆسەی خوێندن دەخاتە مەترسییەوە"

K24 – سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی داوا لە بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان دەكات، كۆتایی بە بایكۆت بھێنن و دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوە.
ئەمڕۆ سێشمەمە 27/10/2020 بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا و داوا دەكەن دەرگای قوتابخانەكان بكرێتەوە و مامۆستایان دەوام دەست پێبكەنەوە.
دوای كۆبوونەوەكە لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، نزیكەی مانگێكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاكان داخراوە.
پەروەردەی گشتی سلێمانی داوا دەكات، سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاكان دەرگاكانیان واڵا بكەن، بۆ تەواوكردنی پڕۆگرامەكانی خوێندن، بۆ ئەوەی بە یاسایی تەواو بكرێت، چونكە درێژەدان بە بایكۆت پڕۆسەی خوێندن دەخاتە مەترسییەوە.
