ئیسرائیل و حەماس بەشداریی لووتکەی شرم شێخ نابن

چاوەڕوان دەکرێت ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، بە بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی ئیسرائیل و حەماس، هاوینە هەواری شرم شێخ میسر ببێتە ناوەندی بڕیاری لووتکەی کۆتایی هێنان بە شەڕی دوو ساڵەی غەززە، دیارترین سەرکردەی لوتکەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکایە و هەندێک سەرچاوەش باس لە بانگهێشتی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ لووتکەکە دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025، شووش بەدریسیان، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هیچ بەرپرسێکی ئیسرائیلی بەشداریی لە لووتکەی شرم شێخ ناکات، کە بڕیارە دووشەممە 13ی ئەم مانگە لە میسر، بە ئامادەبوونی 25 سەرکردە و سەرۆک و نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەڕێوەبچێت.

لە بەرانبەردا حیسام بەدران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، بزووتنەوەی حەماس بەشداری لەو کۆبونەوەیەدا ناکات، بەڵکو چاوەڕوانی ئەنجام و هەڵوێستی ئەو سەرکردانە دەکات، کە نێوەندگیر دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەن. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2025، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی میسر ڕایگەیاند، وڵاتەکەیان میوانداری لووتکەی ئاشتی دەکات، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، لووتکەی ئاشتی شرم شێخ بە بەشداری زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان و نوێنەران و ڕێکخراوەکان بەڕێوە دەچێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جگە لە هاوسەرۆکایەتیی لووتکەکە، دیدارێکی دووقۆڵیش دەکەن.

سەرچاوەکان ئامادەبوونی چەندان سەرکردەی دیاریان لە وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی، ئەورووپی و ئاسیا پشتڕاست کردووەتەوە، لەوانە: ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان.

سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردووە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، لەنێو ئەو کەسایەتیانەدایە کە بە فەرمی بانگهێشتی لووتکەکە کراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment