په‌رله‌مانی عێراق هۆشداری له قۆناغێكی سه‌ختی دارایی و ئابووری ده‌دات
"پێویسته هه‌موو لایه‌ك خۆیان بۆ ئه‌و قۆناغه سه‌خته ئاماده بكه‌ن"

K24- هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هۆشداری ده‌دات، قۆناغێكی سه‌ختی دارایی و ئابووری چاوه‌ڕێی عێراق ده‌كات و پێشبینی ده‌كات، له داهاتوودا رووبه‌ڕووی قه‌یرانی سه‌خت ده‌بنه‌وه و داوای هه‌رچی زوو په‌له‌كردن له هه‌نگاونان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و قۆناغه سه‌خته و دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك كه له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی ئه‌نجامداوه بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی مادده‌كانی پڕۆژه پێشنیازكراوی پاره‌داركردن "ته‌مویل"ی كورتهێنانی دارایی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها بۆ تاوتوێكردنی چاكسازی ئابووری، كه به "كاغه‌زی سپی" ناوده‌برێت.
له به‌یاننامه‌كه‌دا كه‌عبی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، "له‌رووی دارایی و ئابوورییه‌وه قۆناغی داهاتوو سه‌ختترین قۆناغه كه عێراق پێیدا گوزه‌ر ده‌كات، ئه‌مه‌ش وا ده‌خوازێت هه‌موو لایه‌ك به شێوه‌یه‌كی زانستیانه و دیراسه‌كراو و به‌بێ كاریگه‌ریكردن له ژیانی هاووڵاتیان و داهاتی مانگانه‌یان ئه‌و قۆناغه سه‌خته تێپه‌ڕێنین".
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، "پێویسته ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌ركی چاودێریكردنی هه‌رچی زوو په‌له‌كردن له دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، خانه‌نشینان، چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و گرێبه‌سته‌كان بگرێته ئه‌ستۆ".
گوتیشی: "هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قه‌یرانه هاوبه‌شن، جا ئه‌و چاره‌سه‌رییانه كاتی بن و په‌یوه‌ندییان به قه‌یرانی داراییه‌وه هه‌بێت، یانیش ئه‌و چاره‌سه‌رانه بن كه په‌یوه‌ندییان به گه‌شه‌ی ئابووری له ئاینده‌دا هه‌بێت".
له به‌یاننامه‌كه‌دا باسی ئه‌وه‌ش كراوه، "له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی حه‌سه‌ن كه‌عبی و لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانیدا ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه بوو، كه له ره‌شنووسی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوا كراوه، پێویسته داتای ژماره‌یی و ورد له‌باره‌ی نه‌فه‌قات و قه‌باره‌ی كورتهێنانی گشتی بخرێنه‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه پێشنیازكراوی پاره‌داركردن "ته‌مویل"ی كورتهێنانی گشتی تاوتوێ بكرێت، به‌ر له‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت".
H.B