لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە
لیژنەکە بۆ هاووڵاتیان: لە هەفتەیەکدا کەموکوڕی مامەڵەکانتان تەواو بکەن

لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ئاگاداری نامەیەکی بڵاوکردوەتەوە و داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتیانە دەکات، کە تاوەکو ئێستا مامەڵەکانیان بە ناتەواوی ماوەتەوە، لە هەفتەیەکدا سەردانی ئەو بنکانە بکەن کە پێشتر مامەڵەکانیان تیادا ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بە خێرایی کارەکانیان تەواو بکرێت؛ ئاگادارییەکە ئەو هاووڵاتیانەش دەگرێتەوە کە مامەڵەکانیان هەڵەی هەیە.
لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تشرینی ئەکەمی 2025، لە پەڕەی تایبەتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئاگادارییەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای تەواوبوونی مامەڵەکان سەرجەمیان ڕەوانەی بەشی ژمێریاری دەکرێن بە مەبەستی پێدانی چەکی قەرەبوو.
سەبارەت بە دەوامی بنکەکانی لیژنەکە، ڕوونیکردووەتەوە، هاووڵاتیان دەتوانن ڕۆژانی شەممە لە کاتژمێر هەشتی بەیانی تاوەکو دووی دوای نیوەڕۆ سەردانی بنکەکان بکەن، بەڵام لە ڕۆژانی یەکشەممە تاوەکو پێجشەممە، لە کاتژمێر هەشتی بەیانی تاوەکو چواری دوای نیوەڕۆ لە سەرجەم پارێزگا و شار و شارۆچکەکان پێشوازی لە هاووڵاتیان دەکەن.
هەر لەمبارەوە، کاکەڕەش سدیق بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان 24ی ڕاگەیاند، ئەمە ڕێکارێکی ئیداریە، مەبەست لێی ڕاییکردنی مامەڵەی ئەو هاووڵاتیانەیە کە کێشە لە مامەڵەکانیاندا هەیە، ئامادەکاریی بۆ قۆناغی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە دەکرێت کە بە قەرەبوو پێیان دەدرێت.
باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار مامەڵەی هاووڵاتیان ماوەتەوە، کەموکوڕتیان تێدایە و پێویستە لەو ماوەیەی لیژنەکە دیاریکردووە، هاووڵاتیان سەردانی بنکەکانی لیژنەی ماددەی 140 بکەن و مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
گوتیشی، نزیکەی 60 هەزار مامەڵەی یەک فۆرم هەن، کە لە گوندەکانەوە ئاوارەی ناو شارەکان بوون، ئەم بڕیارە ئەوانیش دەگرێتەوە، کە دەبێت سەردانی بنکەکانی لیژنەکە بکەن بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان.
لە بارەی ئەو هاووڵاتیانەشی چەکی قەرەبوویان وەرگرتووە، کاکەڕەش سدیق ڕایگەیاند، 42 هەزار هاووڵاتی کورد و 18 هەزار عەرەبی هاوردە قەرەبوو کراونەتەوە، ئەوانەشی کە ماوە چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەسەندکردنی بودجەی گشتیی ساڵانەی حکوومەت، چەکی قەرەبووکردنەویان پێبدرێت.