ئەحمەد شەرع: نامانەوێت شەڕ بکەین

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا مەرجی کشانەوەی ئیسرائیلی دانا و بۆردومانکردنی کۆشکی سەرۆکایەتی بە "ڕاگەیاندنی جەنگ" وەسف کرد.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "60خولەک"ـی کەناڵی CBS Newsـی ئەمەریکی، ڕایگەیاند، سووریا شایەنی ئەوەیە لە ئاسایش و ئارامیدا بژی و جەختی کردەوە "ئەمە لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و جیهاندایە."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، شەرع پەیامێکی دوولایەنەی نارد و گوتی: "ئێمە لە دوای گەیشتنمان بۆ دیمەشق، هیچ هەنگاوێکی توندوتیژمان دژی ئیسرائیل نەناوە و نامانەوێت ببینە هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە یان هیچ وڵاتێکی دیکە."

شەرع هۆشدارییەکی توندیشی دا سەبارەت بە بۆردومانکردنی کۆشکی سەرۆکایەتی و گوتی: "ئەمە بۆ ناردنی پەیام نەبوو، بەڵکو مەبەست لێی ڕاگەیاندنی جەنگ بوو."

سەرۆکی نوێی سووریا مەرجی ئارامیی دیاری کرد و ڕوونیکردەوە، هەرچەندە دیمەشق "خوازیاری جەنگ نییە،" بەڵام "پێویستە ئیسرائیل لە هەر ناوچەیەک بکشێتەوە کە لە دوای 8ـی کانوونی یەکەمی 2024وە داگیری کردووە."

شەرع جەختی لەسەر کراوەیی سووریا کردەوە و گوتی وڵاتەکەی "پێشوازی لەو هاوبەشییە نێودەوڵەتییانە دەکات کە ڕێز لە سەروەرییەکەی دەگرن."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment