سیاسەتی نوێی گەشتیاریی ئێران؛ ئاسانکاری بۆ عێراقییەکان و نیگەرانی بۆ ئێرانییەکان

ئێران، پاش ئەوەی سەرەڕای پێدانی ئیمتیازی زۆر، وەک هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا، لە هێنانی گەشتیارانی ڕووس و چینی، بێهیوا بوو،  ئێستا بۆ سەرنجڕاکێشانی گەشتیارانی عێراقی هەنگاو دەنێت.

هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشە و مشتومڕەکان سەبارەت بە دەستدرێژی و بێزارکردنی کچە قوتابیانی ئێرانی، لەلایەن هەندێک قوتابی عێراقییەوە لە زانکۆی بووعەلی سینای هەمەدان، وەزارەتی میراتی کولتووریی ئێران هەواڵی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ عێراق بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی گەشتیاری ڕاگەیاندووە.

ڕەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری میراتی کولتووریی ئێران، ڕایگەیاند "لە ماوەی ساڵێکدا، ژمارەی گەشتیارانی عێراقی لە 3 ملیۆن و 500 هەزارەوە گەیشتووەتە پێنج ملیۆن گەشتیار."

فەرزاد میرزایی، شارەزای بواری گەشتیاری، ئاماژەی بەوە داوە "هەر گەشتیارێکی عێراقی نزیکەی سێ هێندەی گەشتیارێکی ئەورووپی لە ئێراندا پارە خەرج دەکات و هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکیی تەرکیزکردنە سەر ئەم بازاڕەیە. ئامانجی سەرەکیی گەشتی عێراقییەکان بۆ ئێران زیارەت، چارەسەری پزیشکی و گەشتوگوزارە. دابەزینی بەرچاوی بەهای تومەنی ئێرانی لە بەرانبەر دیناری عێراقی، ئێرانی کردووەتە شوێنێکی هەرزان بۆ گەشت، چارەسەر و کات بەسەربردنی عێراقییەکان." 

بەپێی ڕێککەوتنی نوێ، هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێلی عێراقی بۆ ئێران، بەتایبەتی لە دەروازەی سنووریی شەلەمچەوە، ئازاد کراوە. هاووڵاتیانی عێراقی، دەتوانن بە مۆڵەتی تایبەت تا پێنج مانگ بەبێ پێدانی هیچ باجێک، بە ئۆتۆمبیلی خۆیان، لە ئێراندا هاتوچۆ بکەن. ئەم سیاسەتە، کە بە 'گۆڕانێکی گەورە' وەسف کراوە، ڕێگە بە هاووڵاتیانی عێراقی دەدات بە ئۆتۆمبێلی ئەمەریکی و تابلۆی نێودەوڵەتییەوە لە ئێراندا بگەڕێن و سوود لە سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو و لێخۆشبوونە گومرگییەکان وەربگرن، لە کاتێکدا ئەو هەلومەرجە بۆ زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئێرانی بەردەست نییە.

بە گوێرەی ئامارەکان، عێراقییەکان بە ڕێژەی %45  لە سەرووی لیستی گەشتیارانی هاتوو بۆ ئێرانن. شارەزایان پێیانوایە "زۆرێک لەم کەسانە بۆ مەبەستی تر، جگە لە گەشتیاری دێنە ئێران و ناتوانرێت وەک گەشتیاری ڕاستەقینە هەژمار بکرێن." 

زۆریی ژمارەی گەشتیارانی عێراقی و شێوازی هەڵسوکەوتیان لە ئێران، چەندین کێشە و مشتومڕی لێ کەوتووەتەوە، وەک ناڕەزایی قوتابیانی زانکۆی بووعەلی سینا لە هەمەدان بەرانبەر دەستدرێژی و بێزارکردنی کچە قوتابیانی ئێرانی لەلایەن هەندێک قوتابیانی عێراقییەوە. بەڵام حکوومەت لە جیاتی ئەوەی تاوانباران سزا بدات، دۆخێکی ئەمنیی سەختی بەسەر زانکۆکەدا سەپاندووە.

حورمەتوڵڵا ڕەفیعی، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەیی نووسینگەکانی گەشتیاریی ئێران، ڕەخنەی لە کارکردنی حکوومەت گرتووە و پشکی ئێرانی لە بازاڕە گەورەکانی گەشتیاریی ئەم دوو وڵاتە، بە زۆر کەم وەسف کردووە. 

ڕەفیعی، گوتی: حکوومەت نەیتوانی سەرنجی گەشتیارانی چینی و ڕووس ڕابکێشێت. لە کاتێکدا ڕووسیا ساڵانە شەش ملیۆن گەشتیار دەنێرێتە تورکیا، کەچی بەشی ئێران کەمتر لە %10 ی ئەو ژمارەیە. ساڵانە 160 ملیۆن گەشتیاری چینی دەچنە وڵاتانی جیهان، بەڵام بەشی ئێران کەمترە لە%0.1 . 

بڵاوبوونەوەی دیاردەی 'هاوسەرگیریی کاتی' (سیغە) و لەشفرۆشیی لە شارە زیارەتییەکانی وەک مەشهەد، بەهۆی سەردانی لە ڕادەبەدەری گەشتیارانی پیاوی عێراقییەوە، بووەتە مایەی نیگەرانیی ئێرانییەکان و لەکەداربوونی ناوی ئێران. 

هاووڵاتیانی ئێرانی، لایانوایە سیاسەتی حکوومەتی ئێران بۆ پشتبەستن بە گەشتیاری عێراقی وەک فریاگوزاری باری خراپی ئابووریی وڵات، لە جیاتی ئەوەی کەرتی گەشتیاریی ببوژێنێتەوە، هەوڵێکی شکستخواردوو و دروستکردنی دیمەنێکی نەگونجاوە لەگەڵ کولتوور و مێژووی دەوڵەمەندی ئێران.

 

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment