نێچیرڤان بارزانی: پارتی لە هەر شوێنێک بێت ئاوەدانی لێیە

جێگری سەرۆکی پارتی، دووپاتی کردەوە، حزبەکەی خاوەنی گەورەترین شانازیی مێژووی هاوچەرخی کوردستانە و دەبێت هەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە؛ دهشڵێت، پارتی لە هەر شوێنێک بێت ئاوەدانی لەوێیە.
سێشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرنەڤاڵی پشتیوانیی لیستی 275ـی پارتی لە پارێزگای هەولێر بەڕێوە چوو.
جێگری سەرۆکی پارتی، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک وێڕای و سوپاس و بەخێرهاتنی ئامادەبووان، باسی لە دەستووری عێراق کرد و گوتی: زۆرینەی ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە نێوان هەرێم و عێراق هەیە، هۆکارەکەی جێبەجێنەکردنی دەستوورە.
جەختی لەوە کردەوە، لەم قۆناغەی ئێستا دەبێت لە عێراق دەستوور جێبەجێ بکرێت، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و چەسپاندنی مافەکانی کورد تێیدا، دەبێت کورد بە بەهێزی لە بەغدا بێت.
نێچیرڤان بارزانی، بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: سوپاسی هەمووتان دەکەم، ئێوه پارتیتان گەیاندووەتە 800 هەزار دەنگ، بەڵام ئەو جارە خواستی ئێمە ئەوەیە پارتی ببێتە یەک ملیۆن دەنگ.
هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی باسی لە سەرۆک بارزانی کرد و گوتی: سەرۆک بارزانی فێری کردووین "کە پارتی ئامرازە و کوردستان ئامانجی هەموومانە".
دەشڵێت: لە پێناو کوردستانێکی بەهێز و لە پێناو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی کوردستان، دەبێت پارتی زۆر بە بەهێزییەوە بنێرین بۆ پەرلەمانی عێراق.
نێچیرڤان بارزانی، لە وەسفی پارتیدا، ئاماژەی بەوە کرد، پارتی خاوەنی گەورەترین شانازیی مێژووی هاوچەرخی کوردستانە و دەبێت هەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە، پارتی لە هەر شوێنێک بێت ئاوەدانی لەوێیە.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، گەلی کوردستان بڕوانامەی ئاوەدانی داوەتە پارتی، هەروەها خەمخۆری گەورەی کوردستان پارتییە.
جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: ئەوەی پارتی لە هەولێر دهیكات کەم نییە، جێگەی شانازیی هەموو ئەندام و لایەنگرانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە. "موژدە به خەڵکی شارەکە و تەواوی کوردستان دەدەین، ئەو ئاوەدانییەی کە کراوە هیچ نییە لە چاو ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاییندەدا بۆ هەرێمەکەی دەکات".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی، جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە، ئەو ئارامی، ئاسایش و پێكەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، سەرچاوەکەی بیر، هزر و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
لە بارەی گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جێگری سەرۆکی پارتی ئاشکرای کرد، یەکلاکردنەوەی کێشەکان و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە دەکرێت، بۆیە لە ڕۆژی دەنگدان دەبێت بەرەو سندوقەکان بچین و لیستی 275ـی پارتی سەربخەین.
جێگری سەرۆکی پارتی، پەیامێکی ئاراستەی دەنگدەرانی حزبەکە کرد و گوتی: کە دەچن دەنگ بدەن بە هەموو کەسێک بڵێن، ناسنامەی پارتی کوردستانییە و کارەکانیشی ئاوەدانییە، ڕێبازی حزبەکە ئاشتی و پێکەوەژیانە.
جەختی لەوەش کردەوە، نابێت ئەوە لەبیر بکرێت پارتی زامنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە لە بەغدا، ئەگەر پارتی بەهێز بێت لە بەغدا، کوردستان بەهێز دەبێت لەو شارەدا.
نێچیرڤان بارزانی، داوا لە هەموو حزبە کوردستانییەکان دەکات، لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەمووتان لە بەغدا یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن.
وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەستی پێکرد. هەروەها بەیانی ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
جەنابی سەرۆک بارزانی شەو و ڕۆژ بەشدار بوو لەو کۆبوونەوانە بۆ ئەوەی کە دەستوور بنووسرێتەوە و ئەگەر بەبیریشتان بێت کە جەنابی گەڕایەوە لە بەغدا، فەرمووی: "هەموو تموحی ئێمە لەم دەستوورەدا نییە بەڵام بەشێکی زۆر تموحی ئێمە، داواکاری ئێمە لەم دەستوورەدا هەیە". لەبەر ئەوە، ئەو مەشاکلانەی کە ئەمڕۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و لەنێوان عێراقدا هەیە زۆری لەسەر جێبەجێنەکردنی دەستوورە. ئێمە سەدا لە هەشتا خەڵکی عێراق دەنگیان بەو دەستوورە داوە وەک وەسیقەیەک کە ڕێگە نیشاندەرە بۆ ئێستا و ئایندەی عێراق. هەرێمی کوردستان ئەم هەڵبژاردنانە بە دەرفەت دەزانێت دوای ئەوەی عێراق لە شەڕی داعش تەواو بوو کێشەکانی، و الحمدللە کێشەی ناوخۆش حەتا حەدێکی زۆر ئێستا تەواو بووە. قۆناغی ئێستا کە دەست پێدەکات قۆناغی ئەوەیە کە دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت. بۆ جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە و مافەکانی کورد لەناو ئەو دەستوورە ئێمە دەبێت بەقوەت لە بەغدا بین هەڤاڵان. نابێت دوودڵ بین چونکە ئەم قۆناغە قۆناغێکی هەستیارە. سوپاسی هەمووتان دەکەم. ئێوە پارتیتان گەیاندە هەشتسەد هەزار دەنگ بەڵام ئەم جارە تموحی ئێمە ئەوەیە کە پارتی دەبێتە یەک ملیۆن دەنگ.
بە نیسبەت ئێمە، ئێمە لە مەدرەسەیەکدا فێر بووین، سەرۆک بارزانی فێری کردووین کە پارتی ئامرازە و کوردستان ئامانجی هەموومانە.
لە پێناو کوردستانێکی بەهێز، لە پێناو کوردستانێک کە بتوانێت وەڵامگۆی هەموو ئەو داواکارییانە بێت ئەوانەی کە گەلی کوردستان هەیانە، ئێمە دەبێت پارتی زۆر بەهێز و بەقوەتەوە بنێرین بۆ پەرلەمانی عێراق. وە هەر کەسەمان لە شوێنی خۆی بە جددی ئیش لەسەر ئەوە بکاتن کە دەنگ بۆ پارتی کۆبکاتەوە. ئێوە کەوادری پارتی زۆر زەحمەتتان کێشاوە. لە کۆبوونەوەیەک پێش ئەوەی بێمە خزمەتتان ئێمە باسمان دەکرد بەڕاستی ئێوە ئەرکێکی گەورەتان لەسەرشانە. من شەخسی خۆم هیچ کەلیمەیەکم نییە کە من بتوانم سوپاستان بکەم.
ئێوە کەوادری پارتی و ئەندامان و لایەنگرانی پارتین. ئێوە کە دەستی پێدەکەن هیچ شتێک موستەحیل نییە، هەموو شتێک دەکرێت بەس تەنها ئەوەیە حەتا ئێوە دەست پێبکەن.
پارتی بەهۆی کارەکانی ئێوە سەر بەرزە. پارتی شانازی دەکات. ئێمە شانازی دەکەین کە کەوادری وامان هەیە. ئێمە شانازی دەکەین بەوەی کە ئەم خەڵکەی ئێمە سەرەڕای هەموو ئەو زەحمەتانەی کە هەیانە لە ڕووی ژیانەوە، لە ڕووی مەسەلەی بژێوی ڕۆژانەیانەوە، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانە و ئەو ناخۆشیانە کە دێتە سەر ئەوەی پارتی پێویستی پێ بێت، هەموویان بۆ پارتی ئامادەن. ئەمە جێی سەربەرزییە بۆ پارتی. ئێوە جێی سەربەرزین وەک ئەو خەباتەی ئێوە لەم هەڵبژاردنانە قەت کەمتر نییە لەو پێشمەرگەی کە لە ساڵی 1961ـەوە تفەنگی هەڵگرت و خەباتی کرد لە پێناو مافەکانی کوردستان. خەباتی ئێوە کەمتر نییە لەوان.
پارتی خاوەنی گەورەترین شانازی مێژوویی هاوچەرخی کوردستانە. وە دەبێت هەرواش بمێنێتەوە هەڤاڵان. من لە کۆبوونەوەی پێشتر یەک شتم باس کرد حەز دەکەم لەگەڵ ئێوەش باسی بکەم.
کە دێتە سەر باسی قەزیەی کوردی لە هەر شوێنێک، لە وڵاتانی دەوروبەر، لە بەغدا، کە بە جددی دێتە سەر ئەوەی باس لە مافەکانی کورد بکرێت، دڵنیابن پارتی بە خاوەن ماڵ دەزانن.
پارتی لە هەر شوێنێک بێت، بەبێ ئەوەی منەتی هیچ شتێک بکات، ئاوەدانی هەیە. ئێمە لە ماوەی ڕابردوو، گوتمان لەگەڵ والی قسەم دەکرد، گوتم ئینشائەڵا ئاوێکی زۆر بۆ هەولێر هات، ئینشائەڵا حکوومەتی هەرێم ئەوەی کرد و ئینشائەڵا ئاوەدانییەکی زیاتریش بۆ هەولێر دێت.
گەلی کوردستان بڕوانامەی ئاوەدانی و ئارامی داوەتە پارتی. ئەو بڕوانامەیەمان لە گەلی کوردستان وەرگرتووە، لە میللەتی خۆمان وەرمانگرتووە ئەو بڕوانامەیە. لەبەر ئەوە داوا دەکەم هەڵبژاردنێکی زۆر بە هێمنانە بەرێوە بچێت. هیچ حزبێک لە کوردستان مونافسی ئێوە نییە. ئێوە مەسئولییەتێکی گەورەترتان لەسەر شانە.
خەمخۆری گەورەی شاری هەولێر پارتی بووە. پارتی من ناڵێم کەموکوڕی نییە، لە هەموو شوێنێک ئەگەر ئیش بکرێت کەموکوڕیش دەبێت. بەڵام ئەگەر ئێوە، ئێمە بە چاوێکەوە سەیری کاروانی ئاوەدانی کوردستان بکەین و بە تایبەتی شاری هەولێر وەک نموونە بهێنینەوە، بەڕاستی ئەوەی پارتی لە هەولێر کردوویەتی کەم نییە. ئەوە جێی شانازی هەموو ئەندام و لایەنگران و خەڵکی کوردستانە. دەبێت شانازی پێوە بکەین.
ئێستاش بە پشتیوانی ئێوە ئێمە موژدە دەدەینە خەڵکی کوردستان، موژدە دەدەینە هەولێر، پێیان دەڵێین ئەو ئاوەدانییە و ئەوەی کە کراوە هیچ نییە لە چاو ئەوەی کە ئینشائەڵا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئایندەدا بۆ شاری هەولێر و بۆ کوردستان دەیکات.
کە دێتە سەر باسی پێکەوەژیان، دیسانەوە پارتی بە نموونە دێنینەوە. هەڤاڵان، ساڵی 2014، دوای شەڕی داعش، کێشەیەکی گەورە لە عێراق دروست بوو. دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری عێراقی ڕوویان کردە هەرێمی کوردستان، برا عەرەبەکانمان، لە ئەنبار، لە فەلوجە، لە شوێنەکانی تر. زۆر بە شانازییەوە ئەوە دەنووسرێتەوە لە لاپەڕەکانی مێژوو بە قەڵەمی زێڕین لە لاپەڕەکانی مێژوو کە چۆن خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرگایان کردەوە بۆ ئەو لێقەوماوانەی کە هاتن، چ عەرەب، چ تورکمان، چ مەسیحی، چ هەموو ئەوانەی تر، ئێزیدی کە ڕوویان کردە هەرێمی کوردستان. بەواتان پێبڵێم، ساڵی 2014 ئەو بڕیارە بڕیارێکی زۆر زەحمەت بوو. ئایا ئێمە ئەو بڕیارە بدەین ئەو خەڵکە بێت یان نا؟ وە گەورەترین کێشە مەسەلەی ئەمنی بوو. بەڵام ئێمە بڕیارماندا. حەتا ئەو برا عەرەبانەمانش کە گەڕانەوە و کە ئێستاش حدودی یەک ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان هەیە، حەتا ئەوانەی تر کە گەڕانەوە، یەک کێشەی ئەمنیمان نەبوو لەو وڵاتە. ئەمە تەربییەتە لە کوێ سەرچاوەی گرتووە؟ ئەم پێکەوەژیانە لە کوێ سەرچاوەی گرتووە؟ ئەم پێکەوەژیانە سەرچاوەکەی بیر و هزری و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
من حەز دەکەم ئەمڕۆ پێتان بڵێم ئەوانەی کە بێهیوان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، وەکو پارتی هانیان بدەن، هانیان بدەن بۆ ئەوەی مافی خۆیان وەرگرن چۆن، لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوەیە. عێراق ئەمڕۆ سەرەڕای زۆر مەشاکلی کە هەیەتی، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا یەکلاکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە دەکرێت. لەبەر ئەوە، ئێمە هەر یەک لە ماڵی خۆمان، خۆمان و کەس و کارمان، ئێمە پێویستە هەست بەو مەسئولییەتە بکەین و لە ڕۆژی دەنگداندا بەرەو سندوقی دەنگدان بچین و ئینشائەڵا بە پشتیوانی خوای گەورە و هیمەتی هەمووتان لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرخەین.
پارتی لە ژینگەیەکی ئارامدا گەشە دەکات. لەبەر ئەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت بە شێوەیەکی شارستانی دوور لە مەشاکل دروست بێت چونکە من عەرزم کردن ئێمە خاوەن قەزیەین. با من ئەوەشتان پێبڵێم قەرزداری یەک شتین، قەرزداری یەک نوقتەین لە هەڵبژاردنەکانی تر لە هەرێمی کوردستان، سوپاسێک قەرزارم. ئەوەش ئەوەیە کە لە ڕۆژی هەڵبژاردن هەم حەملەیەکی گەورەی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە لەناو شاری هەولێر دەکرا و عەینی کات لە شوێنێکی تری هەولێر بانگەشەی حزبێکی تر دەکرا بۆ هەڵبژاردن. لە عەینی کات، لە عەینی ساتدا، کە خەڵک وایان تەسەوور دەکرد کێشەیەکی گەورە دروست دەبێت. بۆ منتان پێبڵێم لە هەر شوێنێکی تر بووایە بە ئیحتمالە کێشە دروست دەبوو، بەڵام چونکە لە هەولێر بوو، چونکە لە ژێر سایە ئێوە وەک تێکۆشەران و خەباتکارانی پارتی بوو حەتا یەک موشکیلەش دروست نەبوو، کە جێی شانازییە و هەموو کۆنسوڵیات و ئەوانەی ئەجنەبی لە کوردستان شاهێدی ئەو مەسەلەیە بوون کە حەتا ئێستاش ئێمە شانازی پێوە دەکەین.
کە دەچنە هەڵبژاردن، هەڤاڵان، بە هەموو کەسێک بڵێن، پەیامیان بڵێن 'دەنگ بەرزکەنەوە'. پەیامیان بڵێن 'ناسنامەی پارتی کوردستانییە، کارەکانیشمان ئاوەدانییە'.
ئەمەیە ناسنامەی ئێمە. ئەو شیعارەی کە هەڵیشمان گرتووە، ڕێبازی ئێمە ڕێبازی ئاشتییە، ڕێبازی پێکەوەژیانە. ئەمەی ئێستای ئێمەش جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە، ئەو دەستوورە و مافەی کە حەقی خۆمانە وەکو میللەت و ئێمە هەوڵ دەدەین بە هەموو شێوەیەک لە پەرلەمانی عێراقدا ئەو دەستوورە جێبەجێ بکرێت.
پارتی سەنتەری پرسی کوردە لە هەر شوێنێک. هەڤاڵانی پارتی بۆ هەر شوێنێک دەچن، ئەوەیان بەبیر بێننەوە کە پارتی زامنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە لە بەغدا. ئەگەر پارتی نەبێت، ئەگەر پارتی بێهێز بێت، کەواتە کوردستان بێهێز دەبێت. ئەگەر پارتی بەقوەت بوو لە بەغدا، کوردستان بەقوەتە لەبیرتان بێت هەڤاڵان.
وە من بە شانازییەوە دەڵێم من پارتیم بەڵام، با من پێتانی بڵێم، من وەکو کوردێک، بەبێ ئەوەی کە پارتیشبم، بە جددی وەکو کوردێکیش ئەگەر بیر بکەمەوە، بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەگەر بمانەوێت کوردستان بەهێز بێت لە بەغدا، ئێمە دەبێت ئیسرار لەسەر ئەوە بکەینەوە کە دەبێت پارتی بەهێز بێت لە بەغدا. ئێمە شانازی دەکەین بەوەی کە لەناو پارتی ئافرەتان خەریکە دەور و ڕۆڵی خۆیان دەبینن کە بە گڕ و تینەوە دەستیان پێکردووە. ئەم دەستپێکردنەی ئافرەتان لەناو پرۆسەی سیاسی، لەناو پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پارتی زۆر زۆر گرنگە. من لێرەوە داوا دەکەم لە هەموو ئافرەتان و ژنانی ئەوانەی کە کورد ئەوانەی کە لەگەڵ پارتین، مەسئولییەتی خۆیان بزانن بەو گڕ و تینەی کە دەستیان پێکردووە ئایندەیەکی گەورەیان لە پێشە لەناو پارتیدا. هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەن و ئینشائەڵا پێکەوە شان بەشانی یەکتر لەم هەڵبژاردنانە بەشدار بن.
من لە ئاخیری قسەکانی خۆمدا داوا لە لاوان و لە گەنجانی کوردستان دەکەم ڕووی قسەم لەوانە. پێیان دەڵێم بۆ ئاییندەیەکی گەشتر بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی کوردستان ئاوەدان و سەربەرز بێت، ئێوە وەکو گەنجان، بڕۆنە سەر سندوقی دەنگدان، هەست بە مەسئولییەتی خۆتان بکەن. ئاییندەی ئەم حزبە لە دەست ئێوەیە، ئایندەی ئەم وڵاتە لە دەست ئێوەیە. پارتیبوون یەعنی مەسئولییەت. لەبەر ئەوە، چونکە پارتی یەعنی مەسئولییەت، کەواتە پارتی ئەو حزبەیە کە بەردەوام دەیەوێت ئارام و سەقامگیری لەم وڵاتەدا هەبێت. گەنجان، هەڤاڵانی گەنجی پارتی، هەست بە مەسئولییەتی خۆیان بکەن و لە ڕۆژی دەنگداندا دیسانەوە بە گڕ و تینەوە بەرەو سندوقی دەنگدان بچن و دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.
داوای یەکڕیزی دەکەین لە بەغدا لەگەڵ هەموو فراکسیۆنەکانی کوردستان. لە کوردستان داوای کاری هاوبەشی و پێکەوەیی دەکەین. بەڵام لە بەغدا داوای یەکڕیزییان لێ دەکەین. کورد دەبێت لە بەغدا یەکڕیز بن بۆ مافەکانی خۆیان. ئێمە وەکو پارتی ئەو داوامان هەیە. ئێمە داوا دەکەین هەموو حزبە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکڕیز بن، یەک هەڵوێست بن بۆ مافەکانی کوردستان. وە دیسانیش ئەوەش زامن دەکرێت، بەرجەستە دەکرێت بەوەی کە پارتی بەقوەت لە بەغدا بەشدار بێت. هەڤاڵان، قۆناغێکی زۆر هەستیارە. قۆناغێکی گرنگە ئەم قۆناغەی کە لە پێشمانە. قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە کە ئێمە بۆ ئەو دەستوورە خەباتمان کردووە و ماندوو بووین. هەست بەو ئەرکەی خۆتان بکەن، مەسئولییەتێکی گەورەیە، قۆناغێکی حەتا بڵێی گرنگە. ئەم هەڵبژاردنە بە کەم مەزانن. هەرکەسێک، بە هەر شوێنێک، گەڕەک، ماڵ، یەک دەنگ، هەموو جار من ئەو قسەیەم کردووە، تیکراری دەکەمەوە، یەک دەنگ بۆ ئێمەی پارتی زۆرە. حەتا پێویستیمان بە یەک دەنگ هەیە. لەبەر ئەوە، تکاتان لێدەکەم لە ڕۆژی دەنگداندا هەموو خەڵک بڕۆن یەک بەیەک لە دەرگای ماڵەکانیان بدەن، دەنگ بۆ پارتی کۆبکەنەوە، ئەم قۆناغەش پارتی سەرخەن، کورد سەرخەن، ئێوەش هەر بژین و سەرکەوتوو بن ئینشائەڵا.
من ئێستا داوا لەو خزمەتکارانە دەکەم، ئەوانەی کە بە دەنگی ئێوە دەیانەوێت لە هەڵبژاردن بەشدار بن، و بە پشتیوانی ئێوە و بە حەول و قوەتی خوای گەورە ئێوە دەنگیان پێدەدەن و بەرەو بەغدا دەچن و نوێنەرایەتیتان دەکەن، سەربەرزتان دەکەنەوە لەوەی کە دەچنە پەرلەمانی عێراق وە بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، با بفەرموون بێنە سەر ستەیج.
هەڤاڵان، زۆر بەخێر بێن. ئەوەی کە من ئەمڕۆ دەمەوێت بیبینم، ئینشائەڵا هەمووشیان بە پشتیوانی ئێوە و بە پشتیوانی خوا دەردەچن. و هەر یەکێکیان دەبن بە نوێنەری ڕاستەقینە لە پەرلەمانی عێراقدا.
وەعدی ئێمە هەموومان چییە؟ پەیمانی ئێمە ئەوەیە پێکەوە لە ڕۆژی دەنگداندا بۆ سندوقی دەنگدان و بۆ ئەوەی کە لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوێت ئینشائەڵا.
ئەو پەیمانە پەیمانی ئێمەیە بۆ خوێنی شەهیدانمان، بۆ خەباتی پێشمەرگەکانمان، بۆ ئەو کەسانەی کە شەونخونیان کردووە و ئێمەیان گەیاندووەتە ئەم ڕۆژە، بۆ ئەوانەی کە لە سایەی سەری ئەوانەوە ئێمە توانیمان وەزعێکی وا لە کوردستان بخوڵقێنین. دەنگدانە بۆ ئاشتی، دەنگدانە بۆ سەقامگیری، دەنگدانە بۆ گەشەسەندن، دەنگدانە بۆ کار و خزمەتگوزاری. کێ دەتوانێت ئەوە بکات؟ پارتی دیموکراتی کوردستان.
هەموومان ئەوەی دەنگ بە پارتی دەدات، دەنگ بە خەتێکی عەقڵانی دەدات بۆ ئەوەی کوردستان لە قۆناغێکەوە بەرەو قۆناغێکی تر ببات. ئێمە دەبێت بەهێز بین بۆ ئەوەی بتوانین هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە بۆ قۆناغێکی تر بگوازینەوە. بەغدا عومقی ستراتیجیی ئێمەیە وەکو هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە، ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگە. ئینشائەڵا بە دەنگی ئێوە ئەم ئازیزانە سەردەکەون و دەچنە پەرلەمانی عێراق و، ئێوەش سەرکەوتوو بن و بەخێر بێن سەربەرز بن و زۆر سوپاس.