دیالە.. نهبوونی خزمەتگوزاری و کەڵەکەبوونی زبڵ شیرینی ژیانی لە هاووڵاتییان تاڵ کردووە
دانیشتووانی پارێزگای دیالە بە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن، لە کاتێکدا زبڵ و خاشاک کۆڵانەکانیانی تەنیوە و ناچارن خۆیان پاشماوەکان بسووتێنن، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی دووکەڵ و پیسبوونی ژینگە.
لە گەڕەکی دلێماتی لە دیالە، ڕەسمیە محەممەد هاووڵاتییەکی ئەو ناوچەیە و زبڵی ماڵەکەی فڕێ دەداته سەر شەقامەکە و بە کوردستان24ی گوت: "ئەمە مزگەوتە، چۆن دەبێت تەنیشت ماڵی خوا، پیس بێت، بۆیه ناچارن زبڵەکان بسووتێنن.
دۆخی گەڕەکەکە کارەساتبارە؛ شەقام و کۆڵانەکان قیرتاو نەکراون، ئاوەڕۆ و خزمەتگوزاریی شارەوانی نییە. لە وەرزی زستاندا کۆڵانەکان دەبنە قوڕاو و لە هاوینیشدا تۆز و خۆڵێکی زۆر بەهۆی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەوە دروست دەبێت. قەیس تەها، هاووڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت: خزمەتگوزاری لە ناوچەکەماندا بوونی نییە. ئەم ڕێگایە لە زستاندا پڕ دەبێت لە قوڕ و ئاو، خەڵک ناتوانێت هاتوچۆی مزگەوت بکات، ئێوە یەکەم کەناڵن کە لێمان بپرسن.
ئەم گەڕەکە کە لە ساڵی 1985ـهوە دروست کراوە، تا ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی بە خۆییەوە نەبینیوە. منداڵان و قوتابییان ناچارن ڕۆژانە بەناو زبڵ و خاشاک و قوڕاودا بڕۆن بۆ قوتابخانەکانیان. یەکێک لە دانیشتووان دەڵێت: شەقام و ڕێگاوبانەکانمان تێکدراون، ئاوی خواردنەوەمان نییە، ئەو ئاوەی بۆمان دێت بۆنی لێدێت و ئەگەر باران ببارێت منداڵەکانمان ناتوانن بچن بۆ قوتابخانە و دەبێت بە توکتوک بیانگوازینەوە.
لە کاتێکدا کە شەقامە سەرەکییەکانی دیالە بە وێنە و پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدەکان ڕازێنراونەتەوە، گەڕەکەکان بە تەواوی پشتگوێ خراون. ئەم دۆخە هاووڵاتییانی تووشی بێهیواییەکی قووڵ کردووە.
زیاتر لە 22 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی پێشوودا تێپەڕ دەبێت، بەڵام دۆخی خەڵک ساڵ بە ساڵ بەرەو خراپتر دەچێت. خەڵکی ئێرە بە جۆرێک بێ ئومێد بوون، باوەڕیان بە هیچ شتێک نەماوە، لە کاتێکدا لە وڵاتێکدا دەژین کە ڕۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.