هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ کریستیانەکانی عێراق

لە کاتێکدا ئاسایشی هاووڵاتییانی کریستیان لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق لاوازە و بەهۆی توندوتیژییەوە ناچار بە کۆچکردن بوون، هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام و شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆیان.

لە پارێزگای دهۆک، وێنەی ژیانی ئاسایی و ئارامی کریستیانەکان بە ڕوونی دەبینرێت. نەریمان وەحید، یەکێکه‌ لەو دەیان هەزار خێزانە کریستیانەی کە لە سایەی ئارامیی هەرێمی کوردستاندا درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن. نەریمان دەڵێت: كاتێك دەچینە کڵێسا و قوتابخانە، هەست بە دڵنیایی دەکەین و. دەزانین کوردستان ئارامە. ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی وەک ئێزدی و موسڵمان، لە خۆشی و ناخۆشیدا پێکەوەن و هیچ جیاوازییەک لەنێوانیاندا نییە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 50 هەزار کریستیان لە پارێزگای دهۆک دەژین و نزیکەی 100 کڵێسا دروست کراون، کە تێیاندا بە ئازادی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان ئەنجام دەدەن.

بەڵام دۆخی کریستیانەکان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بە تایبەتی لە مووسڵ، جیاوازییەکی زۆری هەیە. گەڕەکی "نەسرانییەکان" لە مووسڵ، کە یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەكانی کریستیانەکان، ئێستا نزیکەی تەواو چۆل بووە، لە کاتێکدا پێشتر زیاتر لە 10 هەزار کریستیان لێی نیشتەجێ بوون، ئێستا تەنیا یەک هاووڵاتیی کریستیانی تێدا ماوە.

سەعدوڵڵا بەیسوون، هاووڵاتییەکی کریستیان لە مووسڵ، دەڵێت: ئەم ناوچەیە هەمووی کریستیان بوون، مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 2000 ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام لە سەردەمی داعشدا هەموویان کۆچیان کرد و زۆربەیان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات و هەرێمی کوردستان کردووە و بەهۆی نەبوونی ئاسایش و متمانە بە هێزە ئەمنییەکان، ئامادە نین بگەڕێنەوە.

که‌لتووری پێکەوەژیان و ئارامی لە هەرێمی کوردستان وای کردووە ببێتە پەناگەی کریستیانەکانی ناوچەکانی دیکەی عێراق. لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق نەیانتوانیوە کریستیانەکان لەبەرانبەر توندوتیژی بپارێزن، هەرێمی کوردستان دەرگای خۆی بۆ کردوونەتەوە و بووەتە ماڵی دووەمیان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment