کاندیدێکی هاوپەیمانی سیادە کوژرا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەندامانی هاوپەیمانی سیادە کوژرانی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی هەڵبژاردنیان ڕاگەیاند.
ئەندامانی هاوپەیمانی سیادە ئاماژەیان بەوەکرد، سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانی سیادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بەیانی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کوژرا.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەی ڤیدیۆیی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی سەفا بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی ناوچەی تارمییە ئاگری گرتووە.
لای خۆیەوە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان ئیدانەی کوشتنی کاندیدەکەی کرد و بە "هێرشی تیرۆریستیی ترسنۆکانە" ناوی برد.
مەحموود مەشهەدانی داوای لە حکوومەت و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان کرد بەدواداچوون بۆ تیرۆرکردنی کاندیدەکە بکەن و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن.
هاوپەیمانی سیادە یەکێکە لەو پارتە سەرەکیانەی سوننە کە بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەم پارتە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین کردەی تیرۆرکردن و ڕفاندنی چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران ڕوویداوە، کە هەندێکیان نەیاری گرووپە چەکدارەکانی شیعە بوون.