پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هۆشداری لە برسێتی زیاتر لە 13 ملیۆن کەس دەدات

ڕێکخراوی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) لە تازەترین ڕاپۆرتیدا هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی کەمکردنەوەی پشتیوانی دارایی 13.7 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی خۆراک و برسێتی دەبنەوە.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، خەڵکی هەر یەک لە وڵاتانی ئەفغانستان، کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی، هایتی، سۆماڵ و باشووری سۆماڵ ئێستا نقوومی گێژاوێکی گەورەی برسێتی بوونەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ دۆخەکە خراپتر بێت.
هەروەها هۆشداریداوە، ئەگەری کەمبوونەوەی یارمەتییە داراییەکان بە ڕێژەی 40% هەیە، کە بودجەی ڕێکخراوەکە لە 9.8 ملیار دۆلارەوە بۆ 6.4 ملیار دۆلار دابەزێت، واتە بەراورد بە ساڵی 2024 پشتیوانییە داراییەکان بەبڕی 3.4 ملیار دۆلار کەم دەبێتەوە، بەمەش سیستەمی مرۆیی لەژێر فشارێکی گەورەدایە، بە تایبەتی دوای کشانەوەی هاوبەش و بەشێک لە وڵاتە پشتیوانەکان بۆشاییەکی ترسناک دروست بووە.
ئەمەریکا دوای دەستبەکار بوونی دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، یەكێک بوو لەو وڵاتانەی کە پشتیوانە داراییەکانی بۆ ڕێکخراوی پرۆگرامی خۆراک کەمکردنەوە، یارمەتییە داراییەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمکردەوە، ئەمەش گورزێکی گەورە نپ چالاکییەکانی پرۆگرامی خۆراک جیهانی لە سەرانسەری جیهان.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، مەودای بەرنامەکە کەمکراوەتەوە و بەشەخۆراکییەکان بڕدراون. ئەو خێزانانەی کە قۆناغی پێنجەمی برسێتی IPC دەژین، لە ژێر هەڕەشەدایە.
لە سەرانسەری جیهاندا، "ڕێکخراوی پرۆگرامی خۆراک، مەزندە دەکات کەمیی یارمەتییە داراییەکان بۆی هەیە ژیانی نزیکەی 13.7 ملیۆن کەس بکەوێتە ئەوپەڕی مەترسی کە بە قۆناغی سێی IPC پۆلێن دەکرێت، ئەمەش کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.