پاکستان و تاڵیبان لەسەر ئاگربەستێکی 48 کاتژمێری ڕێککەوتن

ئەمڕۆ پاکستان و ئەفغانستان، دوای چەندین ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی نێوانیان، لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی 48 کاتژمێری ڕێککەوتن.

چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: "حکوومەتی پاکستان و حکوومەتی تاڵیبان بڕیاریان داوە بە ئاگربەستێکی کاتی کە لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ (بە کاتی ناوخۆ) بۆ ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو."

گوتەبێژێکی فەرمی لە کابول  ڕایگەیاند، حکوومەتی تاڵیبان فەرمانی بە سوپاکەی کردووە کە ڕێز لە ئاگربەستەکە لەگەڵ پاکستان بگرن.

ئەم ئاگربەستەش دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەکانی ڕابردوودا هەر وڵاتی ئەفغاستان و پاکستان بە توندی ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە، بەم هۆیەوەش دەیان کەس کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس، پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ، دەنگی دوو تەقینەوە لە ناوەڕاستی کابولدا بیستران.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس، پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ، دەنگی دوو تەقینەوە لە ناوەڕاستی کابولدا بیسترا.

دوێنێ، سێشەممە، سوپای پاکستان، ڕایگەیاند " پێگەیەکەی گرنگی  بزووتنەوەی 'تاڵیبانی پاکستان'ـی لە پایتەختی ئەفغانستان بۆمباران کردووە."

سەرچاوە ئەمنییەکانی پاکستان، لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕوونیان کردەوە "ئەم هێرشانە، کە ویلایەتی قەندەهاریشی لە باشووری ئەفغانستان گرتۆتەوە، بە شێوەیەکی تایبەت بۆ سەر بنکەکانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بووە."

زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان، ڕایگەیاند "تانکەرێکی نەوت و گۆڕەرێکی کارەبا لە ناوەڕاستی کابول تەقیوونەتەوە و بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر کە لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکان و ئاگرکوژێنەوە کۆنترۆڵ کراون." 

سەرچاوە ئەمنییەکانی پاکستان ڕایانگەیاند کە پێکدادانەکان بەیانی سێشەممە، لە ناوچەی کوڕەم، لە ویلایەتی خەیبەر پختونخوا دەستی پێ کرد، کاتێک هێزە ئەفغانییەکان لە ناکاو تەقەیان لە بنکەیەکی سنووریی پاکستان کرد. سوپای پاکستان لە بە تۆپبارانێکی قورس وەڵامی ئەو هێرشەی دایەوە و ژمارەیەک بنکەی هێزەکانی تاڵیبانی وێران کرد.

کەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمی لە ئیسلام ئاباد ڕایگەیاند "هێزەکانی پاکستان بە توندی وەڵامی هێرشەکەی تاڵیبانیان داوەتەوە." لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمنیی پاکستان، بە ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"یان ڕاگەیاندووە، سوپای پاکستان بنکەیەکی گەورەی مەشق و ڕاهێنانی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان (TTP)ـی وێران کردووە کە خاکی ئەفغانستان وەک پەناگە بەکار دەهێنن.

پێکدادانەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئێوارەی شەممەی ڕابردوو دەستی پێ کرد، کاتێک هێزەکانی تاڵیبانی ئەفغانستان، لانیکەم لە پێنج ویلایەتی سنووریدا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پاکستان. حکوومەتی تاڵیبان ڕایگەیاند " هێرشەکان وەڵامێک بوون بۆ ئەو هێرشە ئاسمانیانەی سوپای پاکستان بۆ سەر کابول."

 
Fly Erbil Advertisment