لە شنگال دەیان پۆستەر و وێنەی مەحما خەلیل کاندیدی پارتی دەسووتێنرێن

لە قەزای شنگال کۆمەڵێک کەسی نەناسراو پۆستەر و وێنەی مەحما خەلیل، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەلبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەسووتێنن و ئەو پەرلەمانتارەش دەڵێت ئەم کارە ترسنۆکانە لە خزمەتکردن ساردمان ناکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەحما خەلیل ئاغا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: کاتژمێر 12:00 شەو لە حەوشەی نووسینگەکەی لە قەزای شنگال، کۆمەڵێک کەسی نەناسراو کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای داعشن، پۆستەر و وێنەی مەحما خەلیل کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان سووتاند.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: ئیدانەی ئەم کارە ترسنۆکانە دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کەئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم گرووپە تیرۆریستییانە بەم دڵسۆزییە ڕازی نین، کە نوێنەرەکە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە دوای چوونە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانەوە نیشانی داوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو ماوەیەدا دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە، کە خەڵکی شنگال و پارێزگای نەینەوا شایەتحاڵی بوون، لەوانە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورە، گەڕاندنەوەی مافی ئاوارەکانی ناوخۆ، هەوڵدان بۆ ئەوەی وڵاتانی نێودەوڵەتی دان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان بنێن.
ڕاشیگەیاند، ئەم کارە ترسنۆکانە، لە خزمەتکردنی گەلەکەمان و بەردەوامبوون بۆ بەدەستهێنانەوە مافەکانی خەڵکی شنگال، بەبێ گوێدانە نەتەوە، ئایین، یان مەزهەب و مافی خەڵکی نەینەوا، پاشگەزمان ناکاتەوە، ئەم کارە تەنیا ئیرادەمان بەهێزتر دەکات بۆ بەردەوامبوون لە خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگاکە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەکرد، متمانەی تەواومان بە هێزە ئەمنییەکانمان هەیە لە قەزای شنگال بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و پلاندانەرانی ئەم کارە ترسنۆکانە.