زێلێنسکی و ترەمپ لەبارەی ڕادەستکردنی مووشەکی تۆماهۆک کۆدەبنەوە

ڤلۆدیمێر زێلینسکی بە مەبەستی کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، سەردانی واشنتن دەکات.
بڕیارە سبەی هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڤلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە و گفتوگۆ لە بارەی ڕادەستکردنی مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا دەکەن.
بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، زێلینسکی دەگاتە ئەمەریکا و لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی چەکی بەرگریی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت کەی چەک ڕادەستی ئۆکرانیا دەکرێت.
سەرچاوەکە ڕاشیگەیاند، ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا چووەتە قۆناغێکی بەرژەوەندی دوولایەنە و ئەمەریکا لەوە حاڵی بووە کە یارمەتی دانی ئۆکرانیا ڕێگە ڕاستەکەیە.
هەفتەی ڕابردوو چەند بەرپرسێکی ئۆکرانی سەردانی واشنتنیان کرد و لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک کۆبوونەوە بۆ دیاریکردنی وادەی ڕادەستکردنی چەک بە ئۆکرانیا، کە لە نێوانیشیاندا کۆمپانیای رایسۆن، بەرهەمهێنەری مووشەکی تۆماهۆکی تێدابووە.
ئەم کۆبوونەوانەی ئۆکرانیا دوای ئەوە دێت، کە ڕووسیا چەندین جار هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر واشنتن مووشەک بە ئۆکرانیا بدات، ئەوە ڕووسیا بە هەموو شێوەیەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن دەپچڕێنێت.