ئەمەریکا ژمارەی کارمەندانی دهزگا ئهتۆمییهكان کەمدەکاتەوە

بهرپرسێكی ئەمەریکی ئاماژه بهوه دهكات، بەهۆی قەیرانی دارایییهوه هەڕەشەی لە دەستدانی ڕێژهی 80%ـی ئەو کارمەندانەیان لەسەرە کە لە بهڕێوهبهرایهتیی كۆگای چهكی ئهتۆمی ئهمهریكی کار دەکەن.
هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، مایک ڕۆجەرز، نوێنەری کۆمارییەکان و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوێنێ شەو پێمان ڕاگەیەندرا، بهڕێوهبهرایهتیی نیشتمانی بۆ ئاسایشی ئەتۆمی ئەمەریکا، ئەوانەی کاروباری کۆگاکانی چەکی ئەتۆمی ئەمەریکا بەڕێوە دەبەن، بە هۆی قەیرانی داراییەوە، ڕێژهی 80%ـیان لە کارەکانیان دادەبڕێن و دیاریش نییە ئەم لەکاردابڕانەیان کاتییە یان هەمیشەیی.
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەو فەرمانبەرانە لەو جۆرانە نین وا بە ئاسانی دەستبەرداریان ببن و ڕەوانەی ماڵەوەیان بکەن، بهڵكوو پێویستە ئەوان لە کارەکانیان بەردەام بن و مووچەیان پێ بدرێت.
کێشە داراییەکانی حکوومەتی ئەمەریکا سێ هەفتەیە بەردەوامی هەیە، بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی بەرچاوی چارەسەرکردنی هەبێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی پیران نەیتوانی پرۆژە یاسای بودجە کە لە لایەن کۆمارییەکانەوە پێشنیاز کرابوو، پەسەند بکات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی" بۆڵتن ئۆف زە ئۆتۆماتیک ساینتستس"، ئەمەریکا خاوەنی زیاتر لە پێنج هەزار کڵاوەی ئەتۆمە، بۆیە بهڕێوهبهرایهتیی نیشتمانی بۆ ئاسایشی ئەتۆمی ئەمەریکا بە یەکێک لە جومگە گرنگەکانی حکوومەتی ئەمەریکا دادەنرێت، کاری دروستکردن و چاککردنەوە و ڕێکخستن و پاراستنی چەکی ئەتۆمییە. هەروەها نزیکەی هەزار کارمەند لەو بەشە کار دەکەن، جگە لە نزیکەی 60 هەزار کارمەندی خانەنشین کە پێشووتر لە هەمان شوێن خزمەتیان کردووە.