رووسیا: به دڵنیاییه‌وه گۆڤاری وه‌ك "شارلی ئیبدۆ" لای ئێمه ده‌رناكه‌وێت
تا سوكایه‌تی به پیرۆزی بڕواداران بكات

K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا، "دمیتری بیسكۆڤ" رایگه‌یاند، به دڵنیاییه‌وه گۆڤاری هاوشێوه‌ی "شارلی ئیبدۆ" له رووسیا ده‌رناكه‌وێت، تا سوكایه‌تی به پیرۆزی بڕواداران بكات.
گوتیشی: پێویسته ئێمه هه‌میشه ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێت و له یادی نه‌كه‌ین، كه نزیكه‌ی (20) ملیۆن موسڵمان له رووسیا ده‌ژین. هاوكات ئاینی باوی وڵاته‌كه‌ش مه‌سیحییه‌ته.
دووپاتیكرده‌وه، رووسیا بڕوای وایه، هیچ ماقووڵییهتێكی تێدا نییه سوكایه‌تی به هه‌ست و سۆزی بڕوادارانی ئاین بكرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له هه‌مان كاتدا كوشتنی خه‌ڵكیش ره‌وا نییه. به ره‌هایی هیچ كام له‌و رووداوانه قبوڵكراو نین.
"شارلی ئیبدۆ" گۆڤارێكی كاریكاتێری فه‌ره‌نساییه، پێشتر ژماره‌یه‌ك كاریكاتێری بڵاوكردبوویه‌وه، كه تێیاندا وێنای كه‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی له شێوه‌ی كه‌سێكی "تیرۆریست" كێشاوه، له به‌رامبه‌ردا گۆڤاره‌كه رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر بوه‌وه و له وڵاتانی موسڵماننشیندا به ملیۆنان موسڵمان خۆپیشاندانیان له دژی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی گۆڤاره‌كه كرد.
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، ئیمانوێڵ ماكرۆن، له چه‌ند رۆژی رابردوودا رایگه‌یاند، بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاریكاتێرانه به‌شێكه له ئازادی بیروڕا و فه‌ره‌نسا خاوه‌ن به‌ها و پێوه‌ری خۆیه‌تی.