لە بەغدا هێرشکرایە سەر نووسینگەی کاندیدێکی هاوپەیمانی عەزم

موسەننا عەزاوی، کاندیدی هاوپەیمانی عەزم، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی نووسیویەتی: بە توندی ئیدانە و شەرمەزاری ئەو هێرشە ترسنۆکانە دەکەین کە کرایە سەر نووسینگەکەمان لە شارۆچکەی یوسفیە و بووە هۆی برینداربوونی یەکێک لە براکانمان. 

ئەو کاندیدە دەڵێت: ئیدانەی ئەو کارانەی دوای هێرشەکەش دەکەین، وەک وێنەگرتن، ناوزڕاندن، هەڕەشە و هەوڵی سوکایەتیکردن، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕەوشت و بەهاکانەوە نییە.

هەروەها دووپاتی دەکەینەوە، ئەم کارە نامۆیانە ناتوانن لە خزمەتکردنی کەسوکارمان و وەستان لەگەڵیاندا بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسیارێتییەوە، ساردمان بکەنەوە.

باوەڕێکی پتەومان هەیە کە یاسا لە سەرووی هەمووانەوەیە و هێرشکاران زوو یان درەنگ سزای کردەوەکانیان وەردەگرن.

موسەننا عەزاوی، کاندیدی هاوپەیمانی عەزم

لەلایەکی دیکەوە هەر لە عێراق، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕایگەیاند، ئاگر لە نووسینگەی یەکێک لە کاندیدانی هەڵبژاردن لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتووەتەوە، بەڵام بە خێرایی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.

سەرچاوەکە بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکارەکەی شۆرتی کارەبا بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانی سیادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کوژرا.

لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەی ڤیدیۆیی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی سەفا بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی ناوچەی تارمییە ئاگری گرتووە.

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، لە بارەی کوژرانی یەکێک لە کاندیدانی لیستەکەی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: بە دڵێکی خەمبار و پڕ لە ئازار و توڕەیی، بە هاووڵاتیان ڕادەگەیەنین، برای خۆشەویستمان سەفا مەشهەدانی یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی سیادە و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، بە دەستیێکی ڕەش تیرۆر کرا.

خەمیس خەنجەر گوتیشی: ئەم ڕووداوە نوێیەش لە لیستی ئەو ڕووداوانەیە کە پێشووتر بەرانبەر بە دەنگە جیاوازەکانی نیشتمانەکەمان لە سەر دەستی تیرۆریستان ئەنجامدراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەحما خەلیل ئاغا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: کاتژمێر 12:00 شەو لە حەوشەی نووسینگەکەی لە شارۆچکەی شنگال، کۆمەڵێک کەسی نەناسراو کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای داعشن، پۆستەر و وێنەی مەحما خەلیل کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان سووتاند.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: ئیدانەی ئەم کارە ترسنۆکانە دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کەئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم گرووپە تیرۆریستییانە بەم دڵسۆزییە ڕازی نین، نوێنەرەکە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە دوای چوونە ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە نیشانی داوە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment