ئێران: بڕیارنامەی 2231 بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کۆتایی هاتووە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختی کردەوە، بڕیارنامەی 2231 بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بڕاوە کۆتایی هاتووە و هەر بڕیار و هەنگاوێک لەو چوارچێوەدا بنرێت، نایاساییە.

عراقچی، لە نامەیەکدا بۆ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نووسیویەتی "بڕیارنامەی 2231 هیچ دەسەڵات یان بژاردەیەک بە ئەمیندار، یان بەڕێوەبەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نابەخشێت تاوەکوو سەبارەت بە دەستنیشانکردن، ڕاگەیاندن، سەپاندنەوە یان کاراکردنەوەی ئەو بڕیارنامانەی بە پێی بەندی 8 کۆتاییان هاتووە، هەنگاو بنێن. کەواتە هەر هەنگاوێکی پێچەوانە، لە دەرەوەی دەسەڵاتی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکانە و لەگەڵ ڕۆڵی بێلایەنانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناگونجێت." 

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە درێژەی نامەکەیدا دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەژێر ڕۆشنایی پابەندبوونی پتەوی خۆی بە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان، بە نیازپاکیەوە بەرنامەی گشتگیریی ڕێكکەوتنی ئەتۆمی(بەرجام) پەسەند کرد و بە شێوەیەکی تەواو و ورد،  ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێی کرد. سەرەڕای پابەندبوونی تەواو و سەلمێندراوی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەرکەکانی، سەرەتا پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد و دواتر، بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزای نایاسایی و تاکلایەنە و دەرەکییەکانی خۆی بەسەر ئێراندا دووبارە سەپاندەوە و تەنانەت فراوانیشی کرد. ئەم ھەنگاوە، پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو و جێبەجێکردنی بەرنامەی گشتگیریی ھاوبەشی ھەنگاوی (بەرجام)ی بە توندی تێک دا."

عراقچی، هەروا نووسیویەتی "دواتر، لایەنە ئەوروپییەکانی بەشداری ڕێککەوتنە، واتە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، سەرەڕای بەڵێنی سەرەتایی خۆیان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە و قەرەبووکردنەوەی دەرئەنجامەکانی کشانەوەی ئەمەریکا، نەک ھەر بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکرد، بەڵکو سزای نایاسایی زیاتریان بەسەر کەس و دامەزراوە ئێرانییەکاندا سەپاند و میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانیان کارا کردەوە." 

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێت: "ئێوە دەزانن هەنگاوەکانی سێ دەوڵەتە ئەورووپاییەکە، پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و دژایەتی ناوەرۆکی بڕیارنامەی 2231 یە. لەسەر ئەم بنەمایە، بڕیارنامەی 2231، چوارچێوەکی ڕوون و دیاریکراوەی بۆ کۆتاییهێنانی سەرجەم بڕیارنامە پێشووترەکانی سەبارەت بە بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیی ئێران، دارشتووە. بە گوێرەی بەندی 8ـی بڕیارنامەکە، سەرجەم ئەو بڕیارنامەی لەو بارەیەوە درابوون، کۆتاییان هاتووە و ناکرێت کارا بکرێنەوە. لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییانە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بە نایاسایی دەزانێت و پێیانەوە پابەند نابێت."

 
 
Fly Erbil Advertisment