سوپای توركیا هه‌واڵی كوژرانی هه‌شت چه‌كداری په‌كه‌كه‌ی راگه‌یاند

له‌ ئاكامی هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكه‌كانی توركیا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی بڵاویكرده‌وه‌، له‌ ئاكامی هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی په‌كه‌كه‌ "8 چه‌كداری په‌كه‌كه‌ له‌ناو بران".

له‌ به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیادا هاتووه‌: یه‌كه‌یه‌كی سوپای توركیا توانیویانه‌ 8 چه‌كداری په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی "گارا" به‌دی بكه‌ن، كه‌ ده‌یانویست هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر سوپای توركیا و له‌ ئاكامی بۆردومانكردنیان هه‌ر هه‌شتیان له‌ناو بران.

وه‌زاره‌تی به‌رگری كۆماری توركیا جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆتایهێنان به‌ مه‌ترسییه‌كانی رێكخراوی په‌كه‌كه‌.

سوپای توركیا له‌ مانگی حوزه‌یرانی رابردووه‌وه‌ دوو ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له‌ دژی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌ و تا ئێستا واده‌ی كۆتایهێنان به‌و ئۆپراسیۆنانه‌ی رانه‌گه‌یاندووه‌.

Fly Erbil Advertisment