لە عێراق قەیرانی ئاو لە کوردستانیش ستراتیژییەتی ئاوەدانی
ساڵ بە ساڵ قەیرانی ئاو لە عێراق قووڵتر دەبێتەوە، بەتایبەتی کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە. هاواری خەڵک لە زۆربەی شارەکان بەرزبووەتەوە و بەهۆی بێ ئاوییەوە دەیان گوند چۆڵکراون. لە کاتێکدا پارێزگای دیوانییە بە دەست کارەساتێکی ژینگەییەوە گرفتارە، لە هەرێمی کوردستان وێنەکە جیاوازە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە هەولێر، چارەسەرێکی درێژخایەنی بۆ کێشەی کەمئاوی دۆزیوەتەوە.
دیلان بارزان و ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێرانی کوردستان24 لە ڕاپۆرتێکدا دۆخی ئاو لە عێراق و کوردستان بەراورد دەکەن.
پێکەوە شایەتحاڵی دروستبوونی کارەساتێکی گەورەین؛ کارەساتێک کە ڕەنگە لە مێژووی عێراقدا هاوشێوەی نەبووبێت. لێرە، لە شارۆچکەی عەفەک لە پارێزگای دیوانیە، چەند ساڵێک لەمەوبەر ئاوی ڕووباری فورات دەگەیشتە دانیشتووان، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە زبڵدان.
قەیرانی ئاو لە عێراق؛
ڕووباری فورات بە نێوەڕاستی شارەکەدا تێدەپەڕێت، کەچی دانیشتووانەکەی ناچارن ئاوی خواردنەوە بە پارە بکڕن.
سەیف عەلی، هاووڵاتییەکی دیوانیە، بە کوردستان24 دەڵێت: "ڕووبارەکانی عێراق بەم شێوەیە سووکایەتییان پێدەکرێت و حکوومەت تەماشاکەرە. ئەگەر بۆ ئاویش خۆپیشاندان بکەین، هیچ سوودی نییە. هەموو خزمەتگوزارییەکان پشتگوێ خراون، تەنانەت ئەو ئاوەش کە دەیخۆینەوە. 23 ساڵە حکوومەت هەیە، بۆچی دەبێت ئاوی خواردنەوەشمان نەبێت؟"
عەباس جەبار، هاووڵاتییەکی تر، دەڵێت: "وەک دەیبینیت، نزیکەی ساڵێکە بە یەکجاری ئاوی نەماوە. بەشێکی زۆری خەڵک لێرە کۆچیان کردووە و گوندەکانی دەوروبەریش چۆڵ دەکرێن. ئاو نییە، ناچارین بیکڕین."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئاستی ئاو لە ڕووبارەکانی عێراقدا بە شێوەیەکی دراماتیکی دابەزیوە:
ڕووباری دیجلە: ئاستی ئاو بە ڕێژەی سەدا 29 کەمیکردووە.
ڕووباری فورات: ئاستی ئاو بە ڕێژەی سەدا 73 کەمیکردووە.
ئاوی کۆگاکراو: لە ماوەی تەنیا چوار مانگدا، لە 10 ملیار مەتر سێجاوە بۆ هەشت ملیار مەتر سێجا دابەزیووە.
کوردستان - چارەسەرێکی ستراتیژی بۆ داهاتوو؛
لێرە لە بهشی تاقیگهی پشكنینی ئاوی پڕۆژهی فریاگوزاریی خێرای گهیاندنی ئاو بۆ شاری ههولێر، وێنەکە 180 پلە جیاوازە. ڕۆژانە زیاتر لە 100 پشکنین بۆ ئەو ئاوە دەکرێت کە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بۆ ماڵان دابین دەکرێت، تا دڵنیایی لە پاکی و کوالێتییەکەی بدرێت.
مەبەست عەبدوڵڵا، کارمەندی تاقیگە، بە کوردستان24 دەڵێت: "ئێمە ڕۆژانە پێنج بۆ شەش نموونە (سامپڵ) لە گەڕەکە جیاوازەکانی هەولێر وەردەگرین و بۆ هەر یەکێکیان 16پشکنینی کیمیایی و بایۆلۆجی دەکەین، کە کۆی گشتی دەکاتە نزیکەی 100 پشکنین."
پڕۆژەکە، کە وەک یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ژێرخانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، لە قۆناغی یەکەمدا ڕۆژانە 240 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ ناوەندی شار دابین دەکات و کێشەی کەمئاوی بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات.
هێمن نەزیف، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، دەڵێت: "یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گەورەکانی ئەم پڕۆژەیە ڕاگرتنی 450 بیری ئاو بووە. کێشەی ئاو یەکێک بوو لە کێشە دیارەکانی کوردستان، بەڵام ئێستا ئەو کێشەیەمان نییە. تەنانەت ئێستا کۆگاکانی ئاومان پڕبوون و خەڵک داوای زیادکردنی پڕۆژە دەکەن، نەک چارەسەری کەمئاوی."
ئەم پڕۆژە زەبەلاحە لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا لە بەردی بناغەوە گەیشتە قۆناغی کارپێکردن و ئێستا توانای دابینکردنی 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاکی هەیە بۆ تەواوی هەولێر. حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندان پڕۆژەی هاوشێوەی لەسەر ئاستی هەرێم لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.