پوتن و ستراتیجیی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا

ڤلادیمیر پوتن، جارێکی دیکە هەڵوێستی ترەمپ دەربارەی جەنگی ئۆکرانیا، دەگۆڕێت؛ ئەمەش لێهاتوویی پوتن لە کارتێکردنە سەر بۆچوونەکانی ترەمپ دەردەخات.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، پێش کۆبووەنەوە گرنگەکەی ڕۆژی هەینی ترەمپ لەگەڵ ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، پەیوەندییەکەی لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ئاسایی کردەوە، دوای ئەوەی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵدا کرد."
بڕیار بوو لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ئۆکرانیا، گفتوگۆ لەسەر پێدانی چەکی نوێی بەهێزی دوورمەودا بە ئۆکرانیا بکرێت. تا پێش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی نێوان پوتن و ترەمپ، وا دەردەکەوت سەرۆکی ئەمەریکا ئامادە بێت توانای سەربازی و پێگەی دانوستانی ئۆکرانیا بە پێدانی مووشەکی کروزی جۆری "تۆماهۆک" بەهێز بکات. بەڵام دوای پەیوەندییەکە، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زێلێنسکی، ترەمپ باسی ئەو مووشەکانەی کەم کردەوە و لەبری ئەوە، سەرنجی خستە سەر کۆبوونەوەیەکی لووتکەیی تر لەگەڵ ڤلادیمیر پوتندا.
کیریل دمیتریێڤ، بەڕێوەبەری سندووقی سەروەریی ڕووسیا، کە یەکێک بووە لە کەسە سەرەکییەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، لە پۆستێکدا نووسیویەتی "گەشتەکەی زێلێنسکی لە یەک ڕستەدا کورت دەکرێتەوە: پوتن جارێکی تر بە زیرەکیی خۆی لە هەمووانی بردەوە."
ئەمە دواین گۆڕان بوو لە هەڵوێستە ناسەقامگیرەکانی ترەمپ سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا-ئۆکرانیا، کە زۆرجار دوای پەیوەندی لەگەڵ پوتندا دەگۆڕێت. سەرۆکی ڕووسیا، لێهاتووییەکی زۆری لە قایلکردنی سەرۆکی ئەمەریکا بە تێڕوانینی خۆی بۆ ململانێکە، نیشان داوە.
تا ئێستا، ڕووسیا سەرکەوتوو بووە لەوەی ڕێگریی لە ترەمپ بکات سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێنیت، یان چەکی بەهێزتر بۆ ئۆکرانیا بنێرێت؛ ئەمەش لە ڕێگەی بەردەوام هێشتنەوەی هیوای ڕێککەوتنێکی ئاشتییانە، لە کاتێکدا ئاستی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا چڕتر دەکاتەوە.
ترەمپ، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زێلێنسکی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: هیوادارم بتوانین کۆتایی بە جەنگ بهێنین بەبێ بیرکردنەوە لە تۆماهۆکەکان. پێموایە زۆر لەوە نزیکین.
سەرۆکی ئەمەریکا، هەروەها گوتی: نامانەوێت ئەو شتانە ببەخشین کە خۆمان بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان پێویستمانە.
لەبری پشتگیریی زیاتر بۆ ئۆکرانیا، یان سەپاندنی سزای نوێ بۆ سەر ڕووسیا، ترەمپ لووتکەیەکی نوێی لەگەڵ پوتن ڕاگەیاند؛ ئەوەش بە دەستکەوتێک بۆ ڤلادیمیر پوتن لە قەڵەم دەدرێت.
لە کۆبوونەوەکەی نێوان ترەمپ و زێلێنسکی، هیچ باسێک لە کەمکردنەوەی بۆمبارانە بەردەوامەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا نەکرا؛ وەک چۆن دوای لووتکەی ترەمپ و پوتن لە ئالاسکا لە مانگی ئابی ڕابردوو، ترەمپ وازی لە فشارخستنە سەر ڕووسیا هێنا بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست و مۆسکۆش هێرشەکانی چڕتر کردەوە.
ڕۆژی هەینی، ترەمپ گوێی بەو نیگەرانیانە نەدا کە گوایە پوین دیسانەوە هەوڵی کات بەدەستهێنان دەدات و گوتی: کێشە نییە ئەگەر کاتی زیاتر بە پوتن بدەین.
ترەمپ، هەروا هۆی بەردەوامیی شەڕەکەی نەخستە ئەستۆی پوتن، بەڵکو خستییە ئەستۆی "دوژمنایەتیی قووڵ"ی نێوان سەرکردەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا و گوتی: ئەوان دوژمنایەتییەکی زۆریان لە نێواندایە.. بەڕاستی پێموایە هەر ئەوەش ڕێگرە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن وئاشتی نێوانیان.