سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی دەکاتەوە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی دەکاتەوە.
دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی
ڕۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی دووسایدی گۆمەسپان - سماقووڵی دانا.
لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دووسایدەکە سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی گوتی: ڕێگەکە هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەبەستێتەوە، هەروەها هەولێر و سلێمانیش بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشدا، دروستكردنی تۆڕێکی ڕێگە و بان لەم ناوچەیە، هەموو ئەو دەڤەرە جوان و خۆشانە بەیەكەوە دەبەستێتەوە. ئەم دووسایدەی كە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپان دەسووڕێتەوە،بە شێوازێكی زۆر جوان و سەردەمیانە دروست دەكرێ كە خەڵك هەم بتوانن بە دەوری دەریاچەكەدا بسووڕێنەوە، هەم بتوانن سەردانی ئەو شوێنانەش بكەن كە لە داهاتوودا لەم ناوچەیەدا دروست دەكرێن .
درێژی ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی
ئەم پرۆژەیە درێژییەکەی 22 کیلۆمەترە، بە ستانداردێکی بەرز، كە پانی هەر ئاراستەیەکی 10 مەترە و دوو ڕێڕەوی هاتوچۆ لەخۆ دەگرێت، تێچووی پرۆژەکە نزیکەی 210 ملیار دینارە و لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆیی جێبەجێ کراوە.
لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا، ژمارەیەک بنیادی ئەندازەیی گرنگ دروست کراون، لەوانە، شەش ژێرپرد، سێ بەرزەپرد، 70 ئاوبەری سندووقی، هەروەها دیواری پاڵپشت و پەرژین و تەواوی هێماکانی هاتوچۆ بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دانراون.
ڕێگاکە بە سێ چین قیرتاو کراوە و نزیکەی 300 هەزار تۆن قیر بۆ ڕێگەکە بەکار هێنراوە، کە چینی کۆتایی ماددەی پۆلیمەری تێدا بەكار هێنراوە، ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لە بەردەوامی و خۆڕاگریی ڕێگاکە.
هەروەها لەم پرۆژەیەدا، 600 ئامێری جۆراوجۆر و 2000 کارمەند و کرێکاری خۆماڵی تێیدا بەشداربوون، ئەمەش ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە دابینکردنی هەلی کار و پەرەپێدانی توانای كارمەندی ناوخۆیی.
یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕێگایە ئەوەیە، کە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپان دەسوڕێتەوە و لە ئاییندەدا دەبێتە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش سوودێکی زۆری بۆ بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری دەبێت.
تەواوبوونی پرۆژە دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی
ڕۆژی شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، گوتی: ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە باشترین شێوە و كوالێتیی بەرزی شەقام و بە دەستى کرێکارى خۆماڵى لەلایەن کۆمپانیایی هێمن گرووپ دروستكراوە و بڕیارە بەڕووی شوفێران و هاووڵاتییان بكرێتەوە .
پێش ئەوەی حکوومەتی هەرێمی دروستکردنی ئەم پرۆژەیە ڕابگەیەنێت، ڕێگەکە یەکساید و تەسک بوو، جگە لە چاڵ و کۆسپەکانی رێگەکە، بەهۆی باران و بەرزبوونەوەی ئاوی سماقووڵی ڕێگەکە دادەخرا، بەڵام ئێستا کراوەتە دوو ساید و ستانداردی نێودەوڵەتی و هەموو پێوەرێکی هاتوچۆ و قەرەباڵغی و فشاری سەر ڕێگەکە لەبەرچاو گیراوە.