ئیسرائیل و حەماس یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن

ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەستی غەززە تۆمەتبار دەکەن و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چەند خاڵێکی لە ڕەفح بۆمباران کردووە.

یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەم 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، چەکدارانی حەماس، بە مووشەک و چەکی نیشانشکێن، چەند هێرشێکیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە دەرەوەی ناوچەی ناسراو بە 'هێڵی زەرد'؛ ئەمەش پێشێلکردنێکی ئاشکرای ڕێککەوتنی غەززەیە.

عیززەت ڕەشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند "بزووتنەوەی حەماس جەخت لە پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکات؛ لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوام ئاگربەستەکە پێشێل دەکات و بیانوو بۆ هێرش و پەلاماردانی خەڵکی سڤیلی غەززە دروست دەکات."

ڕەشق، هەروا گوتی: هەوڵەکانی ناتانیاهۆ بۆ خۆدزینەوە و نکۆڵیکردن لە پابەندبوونەکانی بەرانبەر ڕێککەوتنامەی غەززە، لەژێر فشاری هاوپەیمانییە توندڕەوەکەیدایە.

پێگەی ئاژانسی سکای نیوزی عەرەبی، ڕایگەیاند "فڕۆکەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی کەرتی غەززەدا دەفڕن و دەنگی تەقینەوە دێت. لەوە دەچێت هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی لە باشووری کەرتی غەززە بۆمباران کردبێت."

کەناڵی 12ی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیلیش رایگەیاند "چەکدارانی حەماس تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێکی سوپای ئیسرائیل لە ڕەفح کردووە و سوپای ئیسرائیلیش بە تەقە وەڵامی داونەتەوە."

کەناڵەکە هەروا ڕاشیگەیاند: ئەمە یەکەمجار نییە، حەماس ئاگربەستەکە پێشێل دەکات. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment