خانەنشینان، قوربانیی یەکەمی شکست و بێباکی سیستەمی بانکیی عێراقن

موژدەی دەسەڵات بۆ خانەنشینان: ئاگاداری خۆتان بن، چونکە ئێمە لێرە نین بۆ پاراستنتان

لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا دامەزراوە داراییەکانی عێراق بەربەستێکی پتەو بن لەبەردەم تۆڕەکانی ساختەکاریدا، بەڵام بانکی ناوەندیی عێراق لە نوێترین ڕاگەیەنراوی تەنیا ڕۆڵی ئاگادارکەرەوە دەبینێت و هاووڵاتیان، بە تایبەت چینی خانەنشینان، لە مەترسیی هەڵخەڵەتاندن و دزینی زانیارییە داراییەکانیان ئاگادار دەکاتەوە.

لە هەنگاوێکدا کە زیاتر دانپێدانانە بە بێدەسەڵاتیی دامەزراوەکان لە بەرامبەر تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، نەک دڵنیایی دان بە هاووڵاتییان، بانکی ناوەندیی عێراق هۆشدارییەکی فەرمی دەرکرد و ئەرکی ڕووبەڕووبوونەوەی ساختەکارانی لە ئەستۆی هاووڵاتییان، بە تایبەتی چینی خانەنشینان، بەجێهێشت.

بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا، داوای لە هاووڵاتییان بە تایبەت خانەنشینان کرد کە نەبنە قوربانیی ئەو کەس و لایەنانەی کە بە ناوی بانکی ناوەندییەوە داوای زانیاریی کەسی و داراییان لێدەکەن.

بانکەکە جەختی لەوە کردەوە، کە هیچ دامەزراوەیەکی دارایی باوەڕپێکراو لە ڕێگەی تەلەفۆن و سۆشیال میدیاوە داوای زانیاری کەسی و یان بەڵگەنامەی فەرمی ناکات، بۆیە هەر هەوڵێکی لەو جۆرە کردەوەیەکی ساختەکارییە و حکوومەت لێی بەرپرس نییە.

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە دیاردەی ساختەکاریی ئەلیکترۆنی لە عێراقدا بە شێوەیەکی مەترسیدار پەرەی سەندووە و بە تایبەت بۆ بە ئامانجگرتنی مووچەی خانەنشینان، کە زۆربەیان شارەزایی تەکنەلۆژییان کەمە.

بە گوتەی چاودێرانی سیاسیی عێراق، بانکی ناوەندیی وڵاتەکە، لەبری ئەوەی حکوومەت و لایەنە ئەمنییەکان ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی توند دژی ساختەکاران بگرنەبەر، کەچی هاتووە تەنیا ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکات و داوایان لێدەکات لە هەر حاڵەتێکی گوماناوی پەیوەندییان پێوە بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم جۆرە ڕاگەیەنراوانە نیشانەی لاوازیی دەزگا ئەمنییەکان و نەبوونی ستراتیجییەکی کارایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، لە کاتێکدا دەبوو حکوومەت سیستەمێکی پارێزراوی دارایی دابین بکات و متمانە بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە.

ڕاگەیەنراوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، قەیرانی متمانە لە نێوان هاووڵاتی و دامەزراوەکانی دەوڵەت قووڵتر دەکاتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment