داوا لە کوردانی سنووری ماددەی 140 دەکرێت بۆ ڕۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان

ئەگەرچی بەردەوام حکوومەتی عێراق لە هەوڵی کەمکردنەوەی ڕێژەی کوردە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان؛ بەڵام هاووڵاتییانی کورد سوورن لەسەر ئەوەی لە ڕۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و دەنگ بدەن تا بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان.

نووری محەممەد، کە چەندان ساڵە لە ناوچە کوردستانییەکانی دیالە ئاوارەیە، چەند ڕۆژێکە گەڕاوەتەوە ناوچەکەی خۆی و دەستی بە بانگەشە و دانانی وێنەی کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. 

بە گوتەی نووری: "پێویستە کورد لێرە جێگە و دەنگ و ڕەنگ و پایەی خۆی بسەپێنێت و ناکرێت دوور بە دوور تەنیا لە پرۆسەکە بڕوانێت، بەڵکوو پێویستە بە کردەیی تیایدا بەشدار بێت. ئەمە خاکی خۆمانە و ئەگەر بمانەوێت لێرە خۆمان بسەپێنین، پێویستە بێینەوە ئێرە و لێرەوە دەنگی خۆمان بدەین."

محەممەد مەحموود، هاووڵاتییەکی دیکە، باسی لە کاریگەرییەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کرد و گوتی: "لە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، کورد لەم شوێنە بوونەتە کەمینە، واتا 2% تێناپەڕێنن لەم سنوورە. ئێمە داواکارین لە خەڵکی بە شەرەفی خۆمان، ئەوانەی کە ئێستا نەماون لەم ناوچانە، ڕۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و دەنگ بدەن بۆ کاندید و نوێنەری ڕاستەقینەی ئەم ناوچەیە کە بچنە پەرلەمانی عێراق و داکۆکیکەرێکی باشی مافەکانیان بێت."

لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، حکوومەتی عێراق زۆرینەی پۆستە ئیداری و ئەمنی و کارگێڕییەکانی لە کورد سەندەوە. هەروەها، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، 40 گوندی کوردنشینیش ناوچەکانیان چۆڵ کردووە.

بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە سنووری پارێزگای دیالە، 18 قەوارە و هاوپەیمانیی پێکهێنراوە و 363 کاندیدیش خۆیان کاندید کردووە بۆ بەدەستهێنانی 14 کورسییەکەی پارێزگاکە. لەو 14 کورسییە، 10 کورسی بۆ پیاوان و چوار کورسی بۆ ژنانە. هاوکات، ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە پارێزگاکە ملیۆنێک و 52 هەزار و 78 کەسە.

 
Fly Erbil Advertisment