ڕێگا و بانەکانی عێراق بەراوورد بە هەرێمی کوردستان بە ڕێگای مەرگ ناودەبرێت
یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی عێراق ڕێگای کەرکووک سڵاحەدینە کە تەنیا لەماوەی ساڵێکدا نزیکەی حەوتسەدوپەنجاکەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بوونەتەقوربانی ، ڕێگاکە یەک سایدەو پڕییەتی لە تاسەو چاڵ و چۆڵی ، هاوڵاتیان ناویان لێناوە ڕێگای مەرگ ، یازدەساڵە بڕیاری بەدووسایدکردنی بۆدەرچووە بەژام تائێستا تەواونەکراوە.
مەودای ڕێگاکە نزیکەی کاتژمێرێکە بەڵام شۆفێران بەدووهیندە دەیبڕن ، جگەلەوەی یەک سایدە تاسە و چاڵ و چۆڵییەکی زۆریشی تێدایە، ڕێگاکە ستراتیجییە و دەیان شارو شارۆچکە و گوند پێکەوە دەبەستێتەوە، ئێرە ڕێگای کەرکووک تکریتە.
عەبدولڕەحمان عەبود بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ناوەڵڵا لەسەڵاحەددین هیچ پڕۆژە و ئاوەدانییەک نییە، پڕۆژەکان ئەم دەست و ئەودەستی پێدەکەن ئەم دەیفرۆشێت بەو تاکو چوار وەبەرهێن دەڕوات، عێراق هەمووی پارەیە بۆ خاتری خوا بۆ ڕێگاکە قیر ناکەن هەمووی پارەی خەڵکە".
لەشەش مانگی ساڵی ڕابردوو 131 کەس و حەوت مانگی ئەمساڵیش 120 کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لەم ڕێگایە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 500 کەسیش برینداربوونە، یەکێک لە ترسناکترین ڕێگاکانی عێراقە و هاووڵاتیان نازناوی ڕێگای مەرگیان لێناوە.
ئەیوب محەممەد، "ئەمەی ڕوودەدات نابێت قبووڵ بکرێت، هەمووی خۆڵە و ئۆتۆمبێل لەدوای ئۆتۆمبێل، ئێستائێمە نەخۆشمان هەیەو بۆ کوردستان دەچین ناتوانین بڕۆین دوادەکەوین، بەڕاشکاوی دەڵێم ئەوەی هەولێر هەیەتی ئێمەنیمانە".
ئەم ڕێگایە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو درووستکراوە و لەساڵی 2014ەوە بڕیاری بە دووساید کردنی بۆدەرچووە، بەشێک لە پارەکەی بۆتەرخانکراوە کە بەرپرسان برەکەی نادرکێنن، بەڵام بە تەواونەکراوی جێهێڵراوە.
تاکە ڕێگای یەک سایدی ستراتیژی بوو، بۆ ناو شاری هەولێر ڕێگای گۆمەسپان کەسنەزانە، بە درێژی 16 کیلۆمەتر دەکرێتە دووساید، پانیی هەر سایدێکی نزیکەی 11 مەتردەبێت، 600 ئامێری جۆراوجۆر و دوو هەزار کارمەندی ناوخۆ بە خێرایەکی زۆڕ کاری تێدا دەکەن، تاوەکو بەر لە کۆتایی ئەمساڵ لە بەردەم شۆفێران بکرێتەوە.
محەمەد سەلیم، گەشتیار گوتی: سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەم ڕێگایە، بەڕاستی ڕێگایەکی زۆر جوان و ڕێکوپێکە و ماوەی ڕێگاکەی کورت کردووەتەوە. لە هەر شوێنێکدا 15 بۆ 20 ئامێر کار دەکەن، من لە دهۆکەوە هاتووم، ڕێگاکە زۆر خۆشە و سیستەمی کۆنترۆڵکردنی ڕێگەوبان زۆر باشە. پاسەکەمان لە 80 زیاتر نەدەڕۆیشت. دوای ئێرەش بەرەو دوکان دەڕۆین.
موئەیەد ساڵح، هاووڵاتی دەڵیت: پێشتر جادەکە زۆر خراپ بوو. بەڕاستی گلەیی هەبوو، بە ڕێگای مەرگ ناسرابوو. بەڵام ئێستا بە ویستی خوا، پاشان لە سایەی کابینەی نۆیەمەوە، کارێکی زۆر جوان و باشی تێدا کراوە، دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕاستی کارێکی جوانیان کردووە.
کەریم جەعفەر، هاووڵاتی ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگایەکی سەرەکییە و لۆمە و گلەیی زۆری لەسەر بوو، بەڵام ئێستا کێشە و گرفتمان نەماوە. لە ژیانماندا شتی وامان نەبینیوە. بەڕاستی هەرچەندە باسی بکەین، تەواو نابێت.
لە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی بە پێشخستنی ئاستی رێگەوبانەکان داوە، بە شێوەیەک کە تەواوی ڕێگاکانی دەرەوەی شارەکان بکرێنە دووساید، لەو ماوەیەدا، بە تەرخانکردنی تریلیۆنەک دینار 718 پڕۆژەی ڕێگاوبان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن دا، بە درێژایی دوو هەزار و 681 کیلۆمەتر ڕێگا دروستکراوە، ئەم پرۆژانە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ دادەنرێت، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە پارێزگەی هەولێر 172 ڕووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون.